ئەمریكا تۆڕێكی قاچاغی غازی ئێرانی سزادەدات

ئابوری

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 121 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سزای خستە سەر تۆڕێکی نێودەوڵەتی کە سەدان ملیۆن دۆلار غازی سروشتیی شلی ئێرانییان (LPG) بە ناوی غازی وڵاتی عومانەوە هەناردەی وڵاتانی ئاسیا کردوە.


ئۆفیسی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە دەرەکییەکان (OFAC) سەر بەوەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، تۆڕێکی بەرفراوان کە لەوڵاتانی ئیمارات، چین و دورگەکانی مارشاڵ جێگیر بون، ملیۆنان بەرمیل غازی ئێرانییان بەشێوەیەکی نایاسایی گواستوەتەوە.

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەم بارەیەوە وتی،"ئابوریی ئێران لەلێواری داڕماندایە و سوپاکەشی تێکشکێنراوە. ئێمە لەرێگەی ئۆپەراسیۆنی ڕقی ئابورییەوە، هەموو ڕێگەکانی دەورلێدانەوەی سزاکان و کەشتیگەلی سێبەری ئێران لەناودەبەین."

بەگوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی گەنجینە، دوو بازرگان بەناوەکانی سەرباز عەبدولزادە (ئەفغانی) و محەمەد شاکۆل میهاندۆست (تورک)، لەرێگەی کۆمەڵێک کۆمپانیای سێبەر لەئیمارات و چین، غازی ئێرانییان وەک غازی عومانی ناساندوە تاوەکو سزاکانی ئەمریکا تێپەڕێنن و بیفرۆشنە وڵاتانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، بەتایبەت وڵاتی بەنگلادیش.

لەو چوارچێوەیەدا، ئەمریکا سزای بەسەر شەش تانکەری زەبەلاحی گواستنەوەی غازدا سەپاند کە بەئاڵای وڵاتانی جیاوازەوە (پالاو، پەنەما، سانت کیتس) کاریان بۆ ئێران کردووە. کەشتییەکانی وەک (LPG SEVAN، MD 23، GLENDALE و MILE) لەو لیستی سزایانەدان.

بەشێکی دیکەی سزاکان کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو مێهرداد گەرامیان نیک و هاوبەشەکانی لەتاران گرتەوە. ئەم کۆمپانیایە تۆمەتبارە بە گواستنەوەی سەدان ملیۆن دۆلار دراوی بیانی بۆ بانکە سزادراوەکانی ئێران وەک (بانکی میللەت، بانکی تیجارەت و بانکی پاسارگاد).

وەزارەتی گەنجینە ئاشکراشیکرد کە مێهرداد گەرامیان، خاوەنی کۆمپانیایەکە، ڕەگەزنامەی وڵاتی دۆمینیکای کڕیوە تاوەکو بتوانێت بەئازادی گەشت بکات و دەستی بەسیستمە بانکییە نێودەوڵەتییەکان بگات بۆ تێپەڕاندنی سزاکان.