وەزارەتی کار قەرزی نوێى 150 ملیۆن دیناریى ڕادەگەیەنێت؛ مەرج‌و ڕێکارەکان ئاشکرادەکرێن

عیراق

14 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2007 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، بەفەرمی دەستپێکردنی پڕۆگرامی بەخشینی قەرزی گەورەی بۆ پاڵپشتی پڕۆژە بچوک‌و ناوەندەکان ڕاگەیاند کە سەقفی دارایی قەرزەکان دەگاتە 150 ملیۆن دیناری عێراقی.


عەممار عەبدولحسێن جاسم بەڕێوەبەری پاڵپشتی پڕۆژە داهات هێنەرەکان لەوەزارەتی کار لەلێدوانێکی تایبەتدا به‌ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند، "وەزارەت گرنگییەکی تایبەت بەپڕۆژەکانی کشتوکاڵ، ئاژەڵداریی‌و بەخێوکردنی ماسی دەدات".

 جەختیشیکردەوە، هیچ پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی ڕاستەقینە کە مەرجە یاساییەکان‌و لێکۆڵینەوەی ئابوریی (جدوى ئابوری) تێدابێت ڕەتناکرێتەوە، بەجۆرێک بڕی ئەم قەرزانە لەنێوان 20 بۆ 50 ملیۆن دیناردایە.

سەبارەت بەپڕۆژە پیشەسازیی‌و کارگەکان، بەڕێوەبەرەکە ئاماژەی بەوەکرد، بەگوێره‌ى یاسا، وەزارەت قەرزی هاوبەش بەلانیزۆر بەسێ هاوبەش دەبەخشێت کە سەقفی داراییەکەی دەگاتە 150 ملیۆن دینار بۆ هەر پڕۆژەیەک، بەو مەرجەی پڕۆژەکە بەرهەمهێنەر یان خزمەتگوزارییەکی پیشەسازیی بێت.

ڕونیشیکردەوە، تائێستا پاڵپشتی دارایی بۆ دوو پڕۆژەی گەورەی لەو شێوەیە دابینکراوە کە یەکێکیان کارگەیەکی ئاسنگەری سەرکەوتوەو لەلایەن سێ هاوبەشەوە بەڕێوەدەبرێت.

بۆ ئاسانکاریی زیاتر، وەزارەت پێشنیازێکی پەسەندکراوی خستوەتەڕوو کە تێیدا تەنها یەک یان دوو کەفیل دەتوانن بببنە دەستەبەر بۆ هەرسێ هاوبەشەکەی ناو قەرزە ڕکابەرەکە، هەروەها کەفالەتی فەرمانبەرانی دەوڵەت‌و خانەنشینان بەهەمانشێوەو بێ جیاوازیی وەردەگیرێت.

پێشکەشکردن بۆ ئەم قەرزانە بەشێوازی ئەلیکترۆنی‌و لەڕێگەی (منصه‌ مهن - سەکۆی پیشەکان) دەبێت، پڕۆسەی پێداچونەوەو بڕیاردان لەسەر داواکارییەکان تەنها یەک مانگ بۆ مانگ‌و نیوێکی پێویستە.

وەزارەتی کار بۆ دڵنیابونەوە لەگەیشتنی پارەکە بەدەستی گەنجانی بێکار، چەند مەرجێکی دیاریکردوە، بۆ نمونه‌ پێشکەشکار نابێت هیچ موچەیەکی لەچوارچێوەی دامەزراوە حکومییەکاندا هەبێت، پڕۆگرامەکە ئەوکەسانەش ناگرێتەوە کە موچەی چاودێری کۆمەڵایەتی یان دەزگای شەهیدان وەردەگرن، دابینکردنی سەرچاوەی دارایی ئەم قەرزانە پشت بەگەڕانەوەی قیستی قەرزوەرگرانی پێشوو دەبەستێت، بۆ گەرەنتی بەردەوامبونی سندوقەکە.