ڕاپۆرتێکی پنتاگۆن: سیخوڕیی ئیسرائیل بەسەر بەرپرسانی ئەمریکاوە گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 139 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی "NBC"، ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا (DIA) هۆشداری دەدات لە زیادبوونی هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ سیخوڕیکردن بەسەر بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە ئامانج لەم کارە، دەستکەوتنی زانیارییە دەربارەی بڕیارە ناوخۆییەکانی ئیدارەی ترەمپ سەبارەت بە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت پرسی شەڕ لەگەڵ ئێران.
لە بەڵگەنامەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە توانای هەواڵگریی ئیسرائیل گەیشتۆتە ئاستێکی "مەترسیدار"، بەشێوەیەک ئیسرائیل دەیەوێت بزانێت ئایا ترەمپ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران دەستپێدەکاتەوە یان کۆتایی بە ململانێکان دەهێنێت.
ئەم دۆخە بۆتە هۆی ئەوەی پنتاگۆن داوا لە بەرپرسانی ئەمریکا بکات لە کاتی گەشتکردن بۆ ئیسرائیل یان بینینی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، زیاتر وریابن و ئامێری پەیوەندیی کاتی بەکاربهێنن.
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە پەیوەندیی نێوان ترەمپ و نەتانیاهۆ بەهۆی شەڕی ئێران و لوبنانەوە ئاڵۆزیی تێکەوتووە. هەرچەندە سیخوڕیکردن لە نێوان هاوپەیمانانیشدا باوە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن چالاکییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل سنووری "دۆستانە"یان تێپەڕاندووە.
 مێژووی سیخوڕیی ئیسرائیل لە ئەمریکا کۆنە، دیارترینیان دۆسیەی "جۆناسان پۆلارد" بوو لە ساڵانی 1980دا. لە بەرامبەریشدا، واشنتۆن پێشتر سیخوڕیی بەسەر هاوپەیمانەکانیەوە کردووە، وەک ئەوەی لە دزەپێکردنەکانی ساڵی 2013ی "ئێدوارد سنۆدن"دا دەرکەوت کە گوێیان لە پەیوەندییەکانی ئەنگێلا مێرکڵ گرتووە.
 سەرەڕای ئەمانە، هەماهەنگیی هەواڵگریی نێوان هەردوو وڵات لەسەر ئاستی باڵا بەردەوامە.