کارەبای سلێمانی هۆشداریدەدات‌و داوایەکی بەپەلە ئاڕاستەی هاوڵاتیان دەکات

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4275 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ تایبه‌ت:

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی داوا لەهاوڵاتیان دەکات کۆتایی بەشێوازی کۆنی پارەدان بهێنن‌و ڕوو لەسیستمی دیجیتاڵی بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی لێشاوی سەردانی هاوڵاتیان قەرەباڵغییەکی خنکێنەری لەفەرمانگەکانی کارەبا دروستکردوە، ده‌شڵێت، "پێویسته‌ چیتر کاتی خۆیان لەسەرەگرتنی درێژدا بەفیڕۆ نەدەن‌و سود لەسیستمی (ئی پسوڵە)و پێدانی ئەلیکترۆنی وەربگرن".


شێخ ئەنوەر حەمە سەعید بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ شارپرێس ڕایگەیاند، "جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕوناکی وایکردوە ژمارەیەکی بێشوماری هاوڵاتیان لەیەککاتدا سەردانی بەڕێوەبەرێتییەکەمان بکەن بۆ پێدانی پارەی کارەباکانیان، ئەمەش فشارێکی یەکجار زۆری لەسەر فەرمانگەکە دروستکردوە".

بەڕێوەبەری گشتیی داواکارییەکی بەپەلە ئاڕاستەی هاوڵاتیان دەکات کە چیتر کاتی خۆیان لەسەرەگرتنی درێژدا بەفیڕۆ نەدەن‌و سود لەسیستمی "ئی-پسوڵە"و پێدانی ئەلیکترۆنی وەربگرن کە ئاسانکارییەکی گەورەی وەزارەتی کارەبایە بۆ هاوڵاتیان.

بازدانی گەورە بەرەو جیهانی دیجیتاڵی
ئامارە فەرمییەکان نیشانیدەدەن کە هاوڵاتیان بەرەو هۆشیاریی دیجیتاڵی هەنگاو دەنێن، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ شێخ ئەنوەر بۆ شارپرێس ده‌ڵێت، "تەنها لەماوەی هەشت مانگی ڕابردودا، 185 هەزارو 822 هاوبەشی کارەبا متمانەیان بەسیستمی ئی-پسوڵە بەخشیوەو بەشێوازی ئەلیکترۆنی پشکنین‌و پارەدانیان ئەنجامداوە، ئەمەش سەلمێنەری سەرکەوتنی پڕۆسەکەیە".

چۆن لەکێشەکانی کارەبا بەدور دەبیت؟
بۆ ڕێگریگرتن لەهەر کێشەو تێنەگەیشتنێک لەسەر بڕی پارەی کارەبا، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی له‌ڕێگه‌ى شارپرێسه‌وه‌ داوادەکات، هاوڵاتیان بەپەلە خۆیان لەسیستمی (KYC - ناسینی کڕیار) تۆماربکەن، لەڕێگەی ئەم سیستمەوە، تەواوی زانیارییەکانی پسوڵەو دۆخی هەژماری کارەبای ماڵان‌و شوێنەکان بەکورتەنامەیەکی خێرا (SMS) دەگاتە دەستی هاوڵاتیان، ئەمەش شەفافیەت‌و دڵنیایی تەواو دەبەخشێتە بەکارهێنەران‌و ڕێگریی لەدروستبونی هەر گرفتێکی دارایی دەکات.