شارپرێس:
هەمام حەمودی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق ڕایگەیاند، عێراقییەکان هەرگیز ئەوانە بەجێناهێڵن کە لەکاتە سەختەکانداو لەشەڕی دژ بەداعشدا پاڵپشتییان کردون، جەختیکردەوە، بەشداریی بەرفراوانی گەلی عێراق لەڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی ڕێبەری ئێراندا، بەهێزترین پەیامی ئەمەکدارییو تەحەددا دەبێت بۆ دوژمنان".
هەمام حەمودی ڕایگەیاند، "عێراقییەکان هەرگیز ئەوانە بەجێناهێڵن کە لەکاتە سەختەکاندا پاڵپشتییانکردون، عەلی خامنەیی ڕەمزی ئەم سەردەمەیە لەڕوبەڕوبونەوەی ستەمو زۆرداریدا".
حەمودی لەمیانی بەشداریکردنی لەکۆڕبەندی گفتوگۆدا وتی، "عێراقییەکان ئەوانە پشتگوێناخەنو بهجێیان ناهێڵن کە لەگەڵیاندا وەستاونو جیهان غیرەتو ئەمەکداریی ئەوان لەڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی (شەهید خامنەیی)دا دەبینێت، خامنهیى بەپشتبەستن بەڕێبازی ئیمام حوسێن، لەپێناو ئازادی، کەرامەتو دادپەروەریدا، ڕوبەڕوی زۆرداری بوەتەوە".
زیاتر وتی، "شەهید خامنەیی توانیبوی لەنێوان دونیانەویستی، ئازایەتی، لەسەرخۆیی، زانستو ناسینی وردی سیاسیی شێوازی بیرکردنەوەی دوژمندا کۆبکاتەوەو لەو ڕێگەیەوە دەوڵەتێکی بەتواناو گەلێکی مەزن بونیادبنێت، بەبەرەکەتی خوێنی ئەویش، شۆڕشی ئێرانی بەڕۆحیەتێکی مەزنترو ئامادەییەکی جەماوەریی بەرفراوانترەوە نوێبوەوە کە بەهێزترین پەیامی ململانێو ڕوبەڕوبونەوە بوو بۆ دوژمن".
حەموودی لەدرێژەی قسەکانیدا ڕونیکردەوە، "خامنهیى حەزی بەعێراقو عێراقییەکان بوو، سەرپەرشتیاری شۆڕشی ئیسلامی بوو لەعێراقو لەپێناویدا قوربانیدا؛ دەرگای کۆگا سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ حەشدی شەعبی کردەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داعش، عێراقییەکانیش بەشێوازی تایبەتی خۆیانو بەبەشدارییەکی بەرچاو لەپێشوازیکردنو بەڕێکردنی تەرمەکەیدا، سوپاسگوزاریی خۆیان دەردەبڕن، ئەو هەمیشە نزیکبوە لەحەوزەکانی قومو نەجەفو پەرۆشی پاراستنی تەباییو نزیکایەتی نێوانیان بوە".
