یەرەكە ناسنامەی چوار شەهیدی راگەیاند

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 497 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس:

یەكینەكانی پاراستنی رۆژهەڵاتی كوردستان یەرەكە باڵی سەربازی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان لەراگەیەندراوێكدا ناسنامەی چوار شەهیدی راگەیاند كە لە هێرشێكی سوپای پاسداراندا لە مەهاباد پێش چەند رۆژێك شەهید بوون.

یەرەكە لەڕاگەیاندراوەكەدا دەڵێت "وەكو گەلەكەمان و ڕای گشتی دەزانێت، لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هێرشكرایە سەر هێزەكانمان لە مەهاباد و ئەنجامی هێرشەكانمان بۆ ڕای گشتی و گەلەكەمان بڵاوكردبووەوە. لە ڕاگەیاندراوەكانی پێشووشدا ئاماژەمان بەوە كردبوو كە نەك تەنها بۆ سەر هێزەكانی ئێمە، بەڵكوو فشارەكانی ڕژێمی ئێران لەسەر گەلیش زۆر زیادیان كردووە. لە ئەنجامدا ڕژێمی ئێران بەو هێرش و كردەوانەی دەیكات، دەیەوێت شكستی خۆی بشارێتەوە و خۆی بە سەركەوتوو نیشانبدات".

هەروەها یەرەكە  دەشڵێت "لە ئەنجامی هێرشەكاندا بۆ سەر هێزەكانمان لە ناوچەی مەهاباد ڕامانگەیاندبوو كە چوار هەڤاڵمان تاوەكو دوا دڵۆپی خوێن بە قارەمانی و بوێرییەكی گەورەوە، بەبێ دوودڵی شەڕیان كرد و گەیشتنە پلەی شەهیدبوون. هەروەها كوژراو و بریندار لە هێزەكانی سوپای پاسدارانیش هەیە كە تێیاندا كەسانی پلەباڵاش هەیە. ئەم هێرشە بۆ سەر هێزەكانمان لە بەرواری ٢٨ـی مانگی حوزەیراندا ڕوویداوە.  سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی هاوڕێیانی شەهید و هەموو گەلی كوردستان دەكەین".

یەرەكە رونیكردەوە "لە سەرەتادا دەمانەوێت بڵێین كە هەر چوار هەڤاڵمان بە پێشەنگایەتیی فەرماندەی هێژا ئارژین گارزان بۆ ئەوەی فكر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بە گەلی ناوچەكە بناسێنن، شەو و ڕۆژ بە ڕوحێكی ئاپۆیی بێهاوتا خۆیان كردە دەنگی ئەو گەلەی كە هەموو ڕۆژێك ستەم، داگیركاری، و دەستدرێژی بەسەردا دەسەپێندرێت. بە ژیان و كاركردنی خۆیان بوونە نموونەی ڕێهەڤاڵێتیی ڕاستەقینە بۆ ئەو گەلەی كە هەمیشە تێدەكۆشێت و هیچ زەحمەتییەك ناناسێت. بوونە ئەو حەقیقەتە بێدواییەی كە هێڵی ژنی ئازاد دەكاتە مزگێنیی ئازادی و دەیكاتە دیاری بۆ مرۆڤایەتی. بۆ ئەوەی درێژە بە ڕوحی شۆڕشی 'ژن ژیان ئازادی' بدەن، لە كەسایەتیی هەڤاڵ ئارژین و جیهاندا بوونە پێشەنگی ئەم شۆڕشە". 

زانیاری لەبارەی ناسنامەی هەڤاڵەكانمان:
ناو و پاشناو: زارین ئاكباش 
ناسناو: ئارژین گارزان 
شوێنی لەدایكبوون: تەتوان 
ڕێكەوت و شوێنی شەهیدبوون: ٢٨-٦-٢٠٢٦ مەهاباد
 
ناو و پاشناو: پەرستوو سەفایی پوور 
ناسناو: جیهان سیروان 
شوێنی لەدایكبوون: مەریوان 
ڕێكەوت و شوێنی شەهیدبوون: ٢٨-٦-٢٠٢٦ مەهاباد 
         
ناو و پاشناو: خەلیل چیچەك 
ناسناو: باوەڕ جوودی 
شوێنی لەدایكبوون: مووش 
ڕێكەوت و شوێنی شەهیدبوون: ٢٨-٦-٢٠٢٦ مەهاباد

ناو و پاشناو: ڕەسووڵ یەگانە 
ناسناو:شاهان گابار 
شوێنی لەدایكبوون: خۆیی 
ڕێكەوت و شوێنی شەهیدبوون: ٢٨-٦-٢٠٢٦ مەهاباد