دادگای ئیتیحادی و پرسی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان

توێژینەوە و شیکاریی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 69 جار خوێندراوه‌ته‌وه

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵ و نیوێک بەسەر دانیشتنی یەکەمی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، تا ئێستا نە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردراون نە متمانەش بە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دراوە. ئەم دواکەوتنە بارودۆخێکی ئاڵۆزی سیاسی و یاسایی دروست کردووە و مشتومڕی زۆری لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان هێناوەتە ئاراوە.

سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە، تا ئێستا هێزە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان نەیانتوانیوە لەسەر پێکهێنانی دەسەڵات و کابینەی نوێ بگەنە ڕێککەوتن. پێداگری هەر لایەنێک لەسەر داواکاری و مەرجەکانی خۆی، دانوستاندنەکانی تا راددەیەکی زۆر گەیاندووەتە بنبەست، و لە ئاسۆی نزیکیشدا ئاماژەیەکی ڕوون بۆ چارەسەری ئەو دۆخە بەدی ناکرێت.
ئەمەش وای کردووە لە ئێستادا، هەندێک کەس و لایەن بیر لە پەنابردن بۆ دادگای ئیتیحادی بکەنەوە، هەروەک چۆن لە رابردووشدا هەوڵی لەوجۆرە دراوە، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی یاسایی بۆ ئەو قەیرانەی هەرێم تێیدا کەوتووە. لە ناو ئەو ئەگەرانەدا، داوای هەڵوەشاندنەوەی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە بریارێکی دادگای ئیتیحادی، زیاتر لە هەر بابەتێکی دیکە باس و خواسی لەبارەوە دەکرێت. لە هەمان کاتدا، باس لە سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەرێکەری هەرێمی کوردستانیش دەکرێت .
لەم نوسینەدا هەوڵدەدەین، پاڵپشت بە پاشخانی یاسایی و دادوەری بەردەست، ئەو ئەگەر و گریمانانە بخەینە بەرباس کە لە ئەنجامی پەنابردن بۆ دادگای ئیتیحادی ئەگەری رودانیان هەیە.
تەوەری یەکەم: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان
پێش ئەوەی ئەگەر و پێشبینییەکان سەبارەت بەو پرسە بخەینە ڕوو، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە ساڵی ڕابردوو چەندین داوا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ئاراستەی دادگای ئیتیحادی کران، بەڵام دادگا هەموویانی بە پاساوی نەبوونی تایبەتمەندی ڕەتکردەوە. ئەمەش بەو مانایە نییە کە ناتوانرێت چەندبارە داوای لەو جۆرە بکرێت، بە تایبەت ئەگەر  داواکە پاڵپشتی بە کۆنەبوونەوەی پەرلەمان و دواخستنی دانیشتنی یەکەمی خوول بۆ ماوەیەکی نادیار بکرێت.
لە دیدی ئێمەوە، سێ سیناریۆی سەرەکی لەبەردەم ئەم داوایەدا هەیە:
یەکەم: ڕەتکردنەوەی داواکە
پاڵپشت بە پرەنسیپ و بریارە پێشوەکانی دادگای ئیتیحادی، بەهێزترین ئەگەر ئەوەیە کە دادگا داوای هەڵوەشاندنەوەی خوولی شەشەمی پەرلەمان ڕەت بکاتەوە. هەرچەند دادگا لە بریارەکانی خۆیدا بە ڕوونی جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە کۆنەبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران پێشێلکردنی مەترسیداری ئەرک و بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانەو دۆخێکی نایاساییە شایستە بە هڵوەشاندنەوەی دەکات ، بەڵام لەچوارچێوەی رێککارە دەستووری و یاسا دیاریکراوەکان، و جەختی لەوە کردۆتەوە کە بە پێی دەستوور، دادگا تایبەتمەند نییە بە هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەیەکی هەڵبژێردراو.
ئەم تێڕوانینە بە شێوەیەکی ڕوون لە بریاری ژمارە (١٣٢/٢٠٢٢) دەردەکەوێت، کاتێک داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە پاساوی دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار و پێکنەهێنانی حکومەت لە ماوە دەستوورییەکاندا ڕەتکردەوە. چونکە ئەو داوایە پێچەوانەی بنەمای لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە.
هەر بۆیە دەتوانین بڵێین دادگای ئیتیحادی، لە ڕووی پرەنسیپی یاساییەوە، دەرگای دەستبردنی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەسەر خۆیدا داخستووە.
ڕەنگە پرسیارێک دروست بێت: ئەگەر وایە، بۆچی دادگا لە ساڵەکانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٣  درێژکردنەوەی خوولی ئەنجومەنی پارێزگاکانی رێکنەخراو لە هەرێمدا، ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم و پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندۆتەوە ؟
وەڵامەکە ئەوەیە کە دادگا ڕاستەوخۆ ئەو دامەزراوانەی هەڵنەوەشاندووەتەوە، بەڵکو ئەو یاسا و دەقە یاساییانەی بەهۆیەوە خوولیان درێژکردبۆوە، بە نادەستووری ناساندووە. بۆ نموونە، لە بریاری ژمارە (١١٧/٢٠١٩)، برگەی (١٤/یەکەم) لە یاسای ژمارە (١٠)ی ساڵی ٢٠١٨ بە نادەستووری داناوە؛ لە بریاری (٢٣٣/٢٠٢٢)، یاسای بەردەوامبوونی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١٢)ی ساڵی ٢٠٢٢ هەڵوەشاندۆتەوە؛ و لە بریاری (١٢٤/٢٠٢٣)ش ماددەی (٢) لە یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١٩ هەمواری یەکەمی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم بە نادەستووری ناساندوە.
دووەم: قەبوڵکردنی داواکە
ئەگەرچی ئەم ئەگەرە لە ڕوانگەی پرەنسیپە دادوەرییەکانی دادگای ئیتیحادی ئەگەرێکی لاوازترە، بەڵام ناتوانرێت بە تەواوی لە بازنەی پێشبینییە یاساییەکان دەرکرێت. لە هەموو سیستەمە دادوەرییەکاندا، بە تایبەتی لە دۆخە دەستوورییە ئاڵۆزەکاندا، هەندێک جار دادگا بە پشتبەستن بە راڤەی فراوانی دەستوور و بە مەبەستی پاراستنی کارکردنی دامەزراوە دەستوورییەکان، بڕیارگەلێکی نوێ دەردەکات کە پێشتر وەک بنەمایەکی دادوەری جێگیر نەبوون.
لەبارێکدا ئەگەر دادگای ئیتیحادی بڕیارێک بە قازانجی داواکار دەربکات، پێشبینی دەکرێت هاوشێوەی ئەو شێوازەی مامەڵەی لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە، تەنها بڕیارێک دەربکات کە بەهۆیەوە کۆتایی بە دۆخی کراوەیی دانیشتنی یەکەم بهێنرێت و  سەرۆکی تەمەن و ئەندامانی پەرلەمان پابەند بکات دانیشتنەکان بەردەوام بکەن. نەک بریار بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بدات.
ئەم تێڕوانینە پشت بە بریاری ژمارە (٥٥/٢٠١٠) دەبەستێت، کە دادگای ئیتیحادی بڕیاری سەرۆکی تەمەنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بە نادەستووری ناساندوە، چونکە دانیشتنی یەکەمی بە کراوەیی هێشتبووەوە بۆ ماوەیەکی نادیار. دادگا لەو بڕیارەدا داوای لە سەرۆکی تەمەن کردوە بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجومەن بکات بۆ بەردەوامکردنی دانیشتنی یەکەم و تەواوکردنی پرۆسەی دەستووری هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی.
ئەوەی جێگەی سەرنجە. سەرەڕای دەرچوونی بریاری ژمارە (٥٥/٢٠١٠)، ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ماوەیەکی درێژ نەیتوانی پرۆسەی پێکهێنانی دەسەڵات تەواو بکات، چونکە کێشەکە لە بنەڕەتدا سیاسی بوو، نەک یاسایی. بۆیە، ئەگەر لە هەرێمی کوردستانیش بڕیارێکی لەو جۆرە دەربچێت، ئەگەری زۆر هەیە کە هەمان ئاستی کاریگەری سنوورداری هەبێت .
سێیەم: ئەگەرە مەترسیدارەکە
لە نێوان هەموو ئەو سناریۆیانەی کە باسمان کرد، سناریۆیەکی دیکەش هەیە کە هەرچەند لە ئێستادا بە ئەگەرێکی لاواز دەردەکەوێت، بەڵام ئەگەر بارودۆخی سیاسی و دەستووری بە هەمان شێوەی ئێستا  بەردەوام بێت یان خوا نەخواستە ئاڵۆزتربێت، نابێت بە تەواوی پشتگوێ بخرێت.
لێرەدا ناوەڕۆکی ئەو سیناریۆیە بە شێوەیەکی تەواو باس ناکەین  لەبەر هەندێک هۆکاری تایبەت بە بەرژەوەندی گشتی. بەڵام ئاماژە بە هەندێک هۆکار دەکەین کە ئەگەری روودانی ئەو سیناریۆیە زیاد دەکەن.
١- هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دوای ماوەیەکی درێژی قەیران و بنبەستی سیاسی، تا ڕاددەیەکی زۆر لە ژێر کاریگەری بڕیار و راڤەکانی دادگای ئیتیحادی ئەنجام دراوە. ئەمە واتە دادگا پێشتر لە پرۆسەی چارەسەری ئەو قەیرانەدا ڕۆڵی هەبووە، و ئەگەر دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێم دووبارە پەکبخرێنەوە، ئەوە پەنابردن بۆ هەمان دادگا لەوانەیە ئەنجامێکی ناپێشبینیکراوی هەبێت.
٢-  پشتگیری یەکێک لە دوو هێزی سەرەکی و کاریگەر لە هەرێمی کوردستانی لە داواکە، کاریگەری زیاتر لەسەر هەڵسەنگاندنی دادگا دروست دەکات. 
٣- قووڵبوونەوەی زیاتری ناکۆکییە سیاسییەکان یان  خوانەخواستە ڕوودانی دۆخێکی نائاسایی کە کاری دامەزراوە دەستوورییەکان بە تەواوی پەک بخات، ئەگەری دەستێوەردانی فراوانتری دادگا زیاتر دەبێت.
٤- دادگای ئیتیحادی لە ژمارەیەک لە بڕیارەکانی پێشووی خۆیدا، بە تایبەتی لە پرسی پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی، نیشانی داوە سەرەرای جەختکردنەوەی لە پابەندبوون بە ماوە دەستوورییەکان، ئاڵۆزی و هەلومەرجە سیاسییەکانی پێکهێنانی حکومەت لە سیستەمی پەرلەمانیدا لەبەرچاو دەگرێت. بەڵام بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکە ماوەیەکی زۆربەسەر وادە دەستووری و یاساییەکاندا تێپەڕیوە و هیچ هەنگاوێکی کردارى بۆ چارەسەرکردنی بەدی ناکرێت، لەوانەیە  ئەم بارودۆخە دادگا بەرەو راڤەیەکی نوێی دەستووری ببات.
تەوەری دووەم: سنووردارکردن یان بەرزەفتکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لە پاڵ باس و خواسی هەڵوەشاندنەوەی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ئێستادا قسە لەسەر ئەوەش دەکرێت کە داوایەک لەبەردەم دادگای ئیتیحادی بەرز بکرێتەوە بۆ سنووردارکردن یان بەرزەفتکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ شیکردنەوەی ئەم بابەتە، لە دوو تەوەری سەرەکیدا  راو بۆچونەکان دەخەینەروو.
یەکەم: ڕای یاسایی حکومەتی هەرێم لەبارەی ئەم پرسە
لە ڕووی کردارییەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای کۆتایی هاتنی خوولی پێنجەمی پەرلەمان، بەردەوام بووە لە جێبەجێکردنی تەواوی ئەو دەسەڵاتانەی کە یاسا پێی بەخشیووە، و لە هیچ کام لە بڕیار و هەنگاوەکانی خۆیدا ئاماژەی بەوە نەکردووە کە دەسەڵاتەکانی لە سنووری حکومەتی کاربەرێکەر دایە. بە واتایەکی دیکە، حکومەت لە ڕووی پراکتیکییەوە خۆی نەخستووەتە ژێر ئەو بارە دەستووری و یاساییەی کە بە ناوی «حکومەتی کاربەرێکەر» ناسراوە. لەمەشدا پشتی بەستووە بە دوو پاساوی یاسایی و دادوەری بەمشێوەیە:
١-  نارۆشنی رێکخستنی یاسایی حکومەتی کاربەرێکەر لە یاسا بەرکارەکانی هەرێم
بە خوێندنەوەی وردی هەریەکە لە دەقی
یاسای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە (٣)ی ساڵی ١٩٩٢ (هەموارکراو)، بە تایبەتی ماددەکانی (١١) و (١٧).
یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ (هەموارکراو)، ماددەی (١٠)، برگەی (چواردەم).
پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، ماددەی (٧٥).
بۆمان دەردەکەوێت کە یاسادانەر، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ناوی «حکومەتی کاربەرێکەر»ی نەهێناوە، بەڵکو لە ڕێگەی دیاریکردنی بارودۆخەکانی گۆڕینی دۆخی حکومەت، ئەو بابەتەی ڕێکخستووە. بە پێی ئەو دەقانە، حکومەت تەنها لە دوو حاڵەتدا دەچێتە دۆخی کاربەرێکەر:
آ- دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران یان زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران.
ب- لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، یان لەکارلادانی بەو شێوەیەی کە هەندێک دەقە یاساییەکان ئاماژەی بۆ دەکەن.
لە دەرەوەی ئەم دوو حاڵەتە، هیچ دەقێکی یاسایی لە هەرێم ئاماژە ناکات کە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان یان کۆتایی هاتنی خوولی پەرلەمان، ببێتە هۆکاری گۆڕینی دۆخی حکومەت بۆ حکومەتی کاربەرێکەر.
 ئەم پاساوەش بەروونی لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمی وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان  رەنگیداوەتەوە کە لە کۆتایی مانگی یازدەی ساڵی ٢٠١٣، وەڵامی ئەو گومانانەی داوەتەوە کە لەبارەی دەسەڵاتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ واژۆکردنی گرێبەستە نەوتییەکان لە ماوەی نێوان کۆتایی هاتنی خوولی پەرلەمان و پێکهاتنی کابینەی نوێ دروست بووبوون.
وەزارەت لەو ڕاگەیەنراوەدا ڕایگەیاندوە کە حکومەتی هەرێم لەو قۆناغەدا «حکومەتی کاربەرێکەر» نییە و لە پیادەکردنی هەموو دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆی بەردەوام دەبێت. چونکە:
حکومەت دەستی لە کار نەکێشاوەتەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هێشتا فەرمانی پێکهێنانی کابینەی نوێی وەرنەگرتووە.
بەڵام لە بەرامبەر ئەم بۆچوونە، زۆربەی فیقهی دەستووری و بنەما جێگیرەکانی سیستەمی پەرلەمانی، بە تایبەتی لە وڵاتانی پەرلەمانیدا، بەو ئاراستەیەن کە کۆتایی هاتنی تەمەنی پەرلەمان یان هەڵوەشاندنەوەی، بە شێوەیەکی سروشتی، دەبێتە هۆی گۆڕینی حکومەت بۆ دۆخی کاربەرێکەر، هەرچەندە ئەو بابەتە بە دەق لە یاساشدا نەهاتبێت.
٢-  رای راوێژکاری ئەنجومەنی شورای هەرێم
دەستەی گشتی ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان، لە ڕای ڕاوێژکاری ژمارە (٣٤/٢٠١٣)بەرواری ٢٩/٩/٢٠١٣، لە وەڵامی پرسیارێکی ئەنجومەنی وەزیراندا، هەرچەندە ئەوەی قبوڵ کردوە کە دوای کۆتایی هاتنی خوولی پەرلەمان، حکومەت لە ڕووی ناونیشانەوە دەبێت بە «حکومەتی کاربەرێکەر»، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە حکومەت تا دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ، مافی پیادەکردنی تەواوی دەسەڵاتەکانی هەیە.
دووەم: ڕای دادگای ئیتیحادی لەبارەی حکومەتی کاربەرێکەر
بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی دادگای ئیتیحادی چۆن لە پرسی حکومەتی کاربەرێکەر دەڕوانێت، پێویستە خوێندنەوە بۆ بریارە پەیوەندیدارەکانی دادگای ئیتیحادی بکەین کە پیشانی دەدات دادگا چۆن بە شێوەیەکی هەنگاو بە هەنگاو تیگەیشتنێکی یاسایی سەبارەت بە چەمکی «حکومەتی کاربەرێکەر» پەرەپێداوە، تا ئەوەی لە بریارە دواترەکانیدا چوارچێوەیەکی نزیکەیی تەواوی بۆ ئەم دامەزراوە دەستوورییە دیاریکردووە.
لەو بارەیەوە، سێ بریاری گرنگی دادگای ئیتیحادی جێگای سەرنجن، چونکە هەریەکەیان لایەنێکی گرنگی ئەم بابەتەی ڕوون کردووەتەوە.
١-  بریاری ژمارە (١٢١/٢٠٢٢)
ئەم بریارە یەکەم هەوڵی ڕوونی دادگای ئیتیحادی بوو بۆ دیاریکردنی چوارچێوەی دەستووری حکومەتی کاربەرێکەر. دادگا لەم بریارەدا جەختی لەسەر دوو بنەمای سەرەکی کردووەتەوە.
آ- دادگا ئەو حاڵەتانەی دیاریکردووە کە حکومەت دەگۆڕێت بۆ حکومەتی کاربەرێکەر. بە پێی راڤەی دادگا بۆ ماددەکانی (٦١) و (٦٤)ی دەستووری کۆماری عێراق، ئەم گۆڕانە لە دوو حاڵەتدا ڕوودەدات:
لێسەندنەوەی متمانە لە حکومەت.
هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران.
ب- دادگا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەرێکەر سنووردارە لە چوارچێوەی «ڕاپەڕاندنی کاروباری ڕۆژانە»دا.
٢-  بریاری ژمارە (٢٣٥/٢٠٢٣)
دادگای ئیتیحادی لەم بریارەدا ژمارەیەک لە هەنگاو و بڕیارەکانی حکومەتی کاربەرێکەری ئیتیحادی هەڵوەشاندۆتەوە، بەو پاساوەی کە ئەو کارانە لە دەرەوەی چوارچێوەی «ڕاپەڕاندنی کاروباری ڕۆژانە» بوون. دادگا لە ڕووی پرەنسیپییەوە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە حکومەتی کاربەرێکەر نابێت بڕیارێک بدات کە کاریگەری درێژخایەنی یاسایی، دارایی یان سیاسی هەبێت، چونکە ئەو جۆرە دەسەڵاتانە بۆ حکومەتێکە متمانەی پەرلەمانی هەبێت.
٣-  بریاری ژمارە (٢١٣/٢٠٢٥)
ئەم بریارە گرنگترین و پێشکەوتووترین بریاری دادگای ئیتیحادییە لەبارەی حکومەتی کاربەرێکەر، چونکە بازنەی ئەو حاڵەتانە فراوان دەکات کە  دۆخی حکومەت دەگۆڕێت بۆ حکومەتی کاربەرێکەر. بەپێی ئەم بریارە، حکومەتی ئیتیحادی هەر لە کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خوولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، تا کاتی بەدەستهێنانی متمانە لەلایەن کابینەی نوێ، بە حکومەتی کاربەرێکەر دادەنرێت. لە ئەنجامدا، لەو ماوەیەدا دەسەڵاتەکانی تەنها لە چوارچێوەی ڕاپەڕاندنی کاروباری ڕۆژانەدا دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، دادگا هەوڵیداوە چەمکی «کاروباری ڕۆژانە»ش بە شێوەیەکی فراوانتر ڕاڤە بکات، و بنەما گشتییەکانی ئەو کارانە دیاری بکات کە حکومەتی کاربەرێکەر دەتوانێت ئەنجامیان بدات. هەربۆیە ئەم ڕاڤەیە گرنگترین بنەمای دادوەرییە بۆ دیاریکردنی سنووری دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەرێکەر.
سێیەم: دادگای ئیتیحادی و پێشبینی بریارەکەی لەبارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئەگەر ڕەوتی بریارەکانی دادگای ئیتیحادی بە گشتی بخوێنینەوە، ئەوە بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە دادگا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئاراستەیەکی یەکگرتوو و جێگیری لەبارەی حکومەتی کاربەرێکەر وەرگرتووە. بۆیە، ئەگەر داوایەکی یاسایی بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاراستەی دادگا بکرێت، ئەگەری زۆر هەیە دادگا هاوشێوەی هەڵوێستەکانی پێشووی مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەش بکات.
لەو بارەیەوە، پێشبینی دەکرێت دادگا لە بریارەکەیدا:
١- حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای کۆتایی هاتنی خوولی پێنجەمی پەرلەمان، بە حکومەتی کاربەرێکەر بناسێنێت.
٢-  دەسەڵاتەکانی حکومەت تەنها لە سنووری ڕاپەڕاندنی کاروباری ڕۆژانەدا دیاری بکات، و هەموو ئەو دەسەڵاتانەی کە پەیوەندییان بە سیاسەتی گشتی، گرێبەستە درێژخایەنەکان، پۆستە باڵاکان یان بڕیارە ستراتیژییەکانەوە هەیە، لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەرێکەر بەدەر بکات.
٣-  بە ئەگەرێکی زۆر، ئەو بڕیارانەی لە دوای کۆتایی هاتنی خوولی پێنجەمی پەرلەمان دراون لە دەرەوەی چەمکی «کاروباری ڕۆژانە» هەڵبوەشێنێتەوە.
ڕەنگە لە بەرامبەر ئەم بۆچوونەدا بوترێت کە پێگە و دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاساکانی هەرێم ڕێکخراون، نەک بە دەستووری کۆماری عێراق، بۆیە بریارەکانی دادگای ئیتیحادی لەبارەی حکومەتی فیدراڵی بە تەواوی جێبەجێ نابن بەسەر حکومەتی هەرێمدا.
بەڵام ئەم بۆچوونە، لە ڕوانگەی دادوەری، هێزی تەواوی نییە. چونکە بنەمای بریاری ژمارە (٢١٣/٢٠٢٥)  کە کۆتایهاتنی خولی پەرلەمانی وەک دۆخێک بۆ گۆرانی حکومەت بۆ کاربەرێکەر ناساندووە، تەنها پشت بە دەقەکانی دەستووری عێراق نابەستێت، بەڵکو پاڵپشتە بە بنەما چەسپاوەکانی سیستەمی پەرلەمانی؛ ئەو بنەمایانەی کە هەم دەستووری کۆماری عێراق و هەم یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانیان پەسەندیان کردووە.

                                                                                          هیوا حامد