شارپرێس:
رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردەوە، كۆڵبەرێكی خەڵكی شارۆچكەی شاهۆی سەر بە شاری ڕوانسەر بە ناوی وەزیر ڕەحیمی، لە كاتی كۆڵبەری لە سنووری شووشمێی نەوسوودی سەر بە پارێزگای كرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی ئێران كوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، كۆڵبەرێك بە ناوی وەزیر ڕەحیمی، تەمەن ٥٧ ساڵ، لە كاتی كۆڵبەری لە سنووری شووشمێی نەوسوود لە مەودایەكی نزیكەوە كرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی هەنگی سنووری و گیانی لەدەست دا.
بەپێی راپۆرتەكە، وەزیر ڕەحیمی، تەمەن ٥٧ ساڵ، خێزاندار و خەڵكی گوندی «مەنسوورئاغایی»ی سەر بە شارۆچكەی شاهۆی شاری ڕوانسەرە. ناوبراو بەهۆی هەژاری و نەبوونی هەلی كار، لە ٢٠ ساڵ پێش ئێستاوە لەگەڵ بنەماڵەكەیدا لە شاری سنووریی نەوسوود نیشتەجێ ببوو و لەم ڕێگەیەوە بژێوی ژیانی دابین دەكرد.
بەپێی دوایین زانیارییە گەیشتووەكان لە سەرچاوە خۆجێییەكانەوە، تەرمی ئەم كۆڵبەرە تەمەن ٥٧ ساڵانە دوای گواستنەوەی لە بەرزاییە سنوورییەكان، ئێستا لە نەخۆشخانەی شاری نەوسوود ڕاگیراوە و هێشتا ڕادەستی بنەماڵەكەی نەكراوەتەوە.