داوا دەکرێت بەپەلە پەرلەمانی کوردستان هەڵبوەشێنرێتەوە

کوردستان

08/07/2026‌ 5172 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بۆردی یاسایی کۆمەڵی دادگەری رایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەوەی سەرجەم دامەزراوە دەستوری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان شەرعیەتی یاساییان نەماوە، داوا لە سەرۆکی هەرێم دەکات پەرلەمانی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە و وادەیەکی نوێ و خێرا بۆ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری بکات.

بۆردی یاسایی کۆمەڵی دادگەری لەڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت،" دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)، زیاتر لە ساڵێک و حەوت مانگە بەسەر دوایین کۆبونەوەی خۆیدا تێپەریوە، بەڵام دانیشتنەکە بە کراوەیی هێڵدراوەتەوە و تا ئێستاش لایەنەکان نەیانتوانیوە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان پێکبهێنن".

ئەوەشیخستەڕوو، دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت)، ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە حکومەتی هەرێم بوەتە حکومەتێکی کاربەڕێکەر و لەبری کارکردن بە دەقە یاساییەکان، پەنا بۆ دەرکردنی فەرمان دەبرێت کە بەهۆیانەوە چەندین ڕسوماتی نایاسایی بەسەر هاوڵاتیاندا سەپێنراون و بارگرانییەکی دارایی گەورەیان بۆ خەڵکی دروستکردوە.

بۆردی یاسایی کۆمەڵی دادگەری راشیدەگەیەنێت،" ئەنجومەنی پارێزگاکانیش دەسەڵاتەکانیان لێ وەرگیراوەتەوە و هیچ چاودێرییەک بەسەر ئیدارەی حکومەتە خۆجێییەکانەوە نەماوە، هاوکات ئەنجومەنە شارەوانییەکانیش ماوەی یاساییان بەسەرچوە و شەرعیەتیان لەدەستداوە، دەسەڵاتی دادوەرییش، وەک باڵاترین مەرجەع لەبڕی ئەوەی ببنە فریادرەسی پاراستنی مافەکان و دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ قەیرانەکان، مەخابن دەبینین کارەکانی باڵاترین دەستەی دادوەری کە دادگای پێداچونەوەیە لە لایەن بەشێک لە دادوەرانەوە کارەکانی بەرەو پەککەوتن دەبرێت ".

لەکۆتایی راگەیەنراوەکەیاندا بۆردی یاسایی کۆمەڵ باس لەوەدەکات،" داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین لەبەر ئەوەی سەرجەم دامەزراوە دەستوری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان شەرعیەتی یاساییان نەماوە، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە هەیەتی بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و دیاریکردنی وادەیەکی نوێ و خێرا بۆ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە شەرعیەت بۆ دامەزراوەکان بگەڕێتەوە و سەروەریی یاسا باڵادەست بێت".