حه‌وت ڕۆژ له‌ئه‌مریكا ده‌بێت.. ئەجێندای کۆبونەوەكه‌ى زەیدیی‌و تره‌مپ ئاشکرادەکرێت

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4473 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئه‌مڕۆ عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق به‌ره‌و ئه‌مریكا به‌ڕێكه‌وت به‌یاوه‌ریى وه‌فدێكى 27 كه‌سى‌و به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانیش، سه‌رۆك وه‌زیران ماوەی یەک هەفتە (حه‌وت ڕۆژ) لەواشنتۆن دەمێنێتەوە، هاوكات له‌په‌یامێكیشدا زه‌یدیى له‌ڕێگه‌ى ڕۆژنامه‌ى واشنتۆن پۆست-ه‌وه‌ ناوه‌ڕۆكى كۆبونه‌وه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ تره‌مپ ئاشكراده‌كات.


عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، له‌گفتوگۆ چاوەڕوانکراوەکه‌یدا لەگەڵ دۆناڵد تره‌مپ سەرۆکی ئەمریکا لەواشنتۆن، تیشکدەخاتەسەر بەهێزکردنی هاوبەشیی نێوان بەغداو واشنتۆن، ڕاکێشانی وەبەرهێنانی ئەمریکی بۆ عێراق، پەرەپێدانی هاوکارییە ئەمنی‌و ئابورییەکان‌و فراوانکردنی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی.

زەیدیی لەوتارێکدا کە لەڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" لەژێر ناونیشانی (بۆچی سەردانی واشنتۆن دەکەم) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ نوسیویه‌تى، "بەرەو واشنتۆن بەڕێدەکەوم، تێیدا ڕێگەی پراکتیکی دەخه‌مه‌ بەردەم تره‌مپ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان لەقۆناغی بەڕێوەبردنی تەنگژەکانەوە بۆ قۆناغی ڕەخساندنی دەرفەتەکان، بەتایبەت لەبوارە ئابورییەکاندا".

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، گفتوگۆکان هاندانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەخۆدەگرن بۆ وەبەرهێنان لەژێرخانی عێراق، کەرتەکانی وزە، پیشەسازیی، تەکنەلۆژیاو ئابوریی دیجیتاڵی، حکومەتی عێراقیش، بەردەوامە لەجێبەجێکردنی ئەو چاکسازییانەی ئامانجیان دابینکردنی ژینگەیەکی لەباری وەبەرهێنان‌و بەهێزکردنی متمانەیە بەئابوریی عێراق.

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "کۆبونەوەکە تاووتوێی لایەنەکانی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی‌و فراوانکردنی هاوکارییەکان لەبوارەکانی پەروەردە، ڕاهێنان‌و گواستنەوەی تەکنەلۆژیا دەکات، لەپاڵ بەردەوامبون لەپەرەپێدانی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق".

زەیدیی جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق لە 30ی ئەیلولدا، دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لەهاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا، عێراق هەوڵ بۆ جێگیرکردنی سەقامگیریی هەرێمی‌و کرانەوە بەڕوی سیستمی ئابوریی‌و دارایی جیهانیدا دەدات".

بڕیاروایه‌ ئه‌مڕۆ دوشەممە، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی وه‌فدێكى باڵا، بەرەو واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا بەڕێبکەوێت، لەگەشتێکدا کە بەغدا جەختی لەگرنگییە زۆرەکەی کردوەتەوە، بەتایبەت کە لەژێر بارودۆخێکی هەستیاری هەرێمایەتیدا ئەنجامدەدرێت.