گۆڕانکاریی لەهاوکێشەی وزەی ناوچەکە ڕوو ده‌دات.. ئێران پێش عێراق‌و ئیمارات دەکەوێت

ئابوری

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2616 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى دوایین ڕاپۆرتی پەیمانگه‌ی وزەی بەریتانیا بۆ ساڵی 2026، بەرهەمهێنانی نەوت‌و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران لەساڵی 2025 سەرەڕای گەمارۆکان گەیشتوه‌تە چوار ملیۆن‌و 450 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا.


ئەم ژمارەیە گەشەیەکی 2.7٪ نیشاندەدات‌و وایکردوە، ئێران بەپێشکەوتنەوەی عێراق، ببێتە دوەم گەورە بەرهەمهێنەری نەوت لەکەنداو.

لەهەمانکاتدا، عێراق بەبەرهەمهێنانی چوار ملیۆن‌و 280 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا لەدوای ئێرانەوە دێت، لەکاتێکدا ئیمارات سێ ملیۆن‌و 510 هەزارو کوه‌یت 2.47 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن، سعودیەش هێشتا بەنزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل لەپێشنگدایە.

ئەم بەرزبونەوەیە هیوای ئێرانی بۆ زیادکردنی داهاتی دراوی قورسی بیانی زیندوکردوه‌تەوە، بەتایبەت لەڕێگەی هەناردەکردن بۆ چین‌و هەوڵدان بۆ گەڕانەوە بۆ بازاڕەکانی هیندستان‌و ژاپۆن.

ئەوەش هاتوە، کێشەی سەرەکیی ئێران تەنها بەرهەمهێنان نییە، بەڵکو دۆزینەوەی کڕیاری جێگیرو گواستنەوەی پارەو دابینکردنی کێبڕکێی بەهێزە لەگەڵ ڕکابەرەکانی وەک عێراق‌و ئیمارات کە ئەوانیش پلان بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوتی خۆیان دادەنێن.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت، "پرسیاری سەرەکی ئێستا ئەوەنییە ئێران چەند نەوت بەرهەمدەهێنێت، بەڵکو ئەوەیە چەندی دەگاتە پاڵاوگەکانی جیهان".