شارپرێس:
پرۆسەی ڕاوەدونانی تۆمەتبارانی گەندەڵی لەعێراق پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوه، سەرچاوە سیاسییەکان ئاشکرایانکردوە، لەگۆڕانکارییەکی چاوەڕوانکراودا، ڕەنگە بۆ یەکەمجار پۆستە باڵاکانی وەک سەرۆک وەزیرانی پێشوو و بەرپرسانی پلە یەکی وڵات بکەونە ناو بازنەی تۆمەتبارکردنەوە.
بهگوێرهى ئامارە فەرمییەکان، دوای تێپەڕبونی 15 ڕۆژ بەسەر دەستپێکردنی هەڵمەتەکەدا، جۆرێک لەسستی لەدەستگیرکردنەکاندا بەدیدەکرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لەکاتژمێرەکانی سەرەتای ڕاگەیاندنی پرۆسەکە لەکۆتایی مانگی حوزەیرانی ڕابردودا، 21 پەرلەمانتارو بەرپرس دەستگیرکران، چاودێرانیش هۆکاری ئەم خاوبونەوەیە بۆ بونی فشارو پەیوەندی چڕی سیاسیی دەگەڕێننەوە بەمەبەستی ڕێگریکردن لەنزیکبونەوەی هێزە ئەمنییەکان لەکەسایەتییە بەهێزو خاوەن هەژمونەکان.
لەکاتی بەردەوامی شەپۆلەکانی دەستگیرکردن، هێزە ئەمنییەکان تەڵاڵ زوبەعی سەرۆکی پێشوتری لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانیان دەستگیرکرد، دوای ئەوەی ناوی لەدانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی بریکاری پێشوی وەزارەتی نەوتدا هاتبوو، هاوکات، هێزە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کەوتونەتە جوڵەو داوای دادگاییکردنی ئاشکرا دەکەنو ناڕەزایەتی بەرامبەر بەکارهێنانی زرێپۆشو تانك لەکاتی هەڵکوتانەسەر ماڵەکان دەردەبڕن، بەڵام محەمەد نەعناع شیکەرەوەی سیاسیی پێیوایە، ئەم داواکارییانە تەنها بۆ شەرمەزارکردنی حکومەتە، چونکە هێزە سیاسییەکان ناتوانن ڕاستەوخۆ لەبەردەم ڕای گشتیدا دژی ڕاگرتنی گەندەڵکاران بوەستنەوە.
ئەم پێشهاتە ناوخۆییانە هاوکاتن لەگەڵ گەشتە فەرمییەکەی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی بۆ واشنتۆن بەسەرۆکایەتی وهفدێكى باڵای حزبیو حکومی کە پێکهاتوە لە 70 کەسایەتی (40 بەرپرسو 30 بازرگان) کە تێیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، کۆشکی سپی سێ مەرجی سەرەکی خستوەتە بەردەم بەغدا بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی داراییو سیاسیی ئهوانیش، یهكهمیان کۆنترۆڵکردنی چەکه كه خۆى دهبینێتهوه لهکۆتاییهێنان بەدیاردەی چەکی دەرەوەی یاساو كۆتایی پێهێنانى گروپه چهكدارهكان، دوهمیش شەڕی ڕاستەقینە دژ بەگەندەڵی کە کارە لەپێشینەکانی ئیدارەی ترەمپە، سێیهمیش ڕاگرتنی قاچاخچێتی دۆلاره، بۆ ئهمهش داخستنی سەرجەم ئەو کەناڵانەی کە یەدەگی دراوی عێراق بۆ دەرەوەی وڵات دەگوازنەوە.
بڕیاریشە دوای تەواوبونی گەشتەکەی بۆ ئەمریکا، عەلی زەیدیی ڕاستەوخۆ سەردانی شانشینی سعودیە بکات بەمەبەستی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی عەرەبیو پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە داراییەی کە بەهۆی قەرزەکانەوە ڕوی لەخەزێنەی دەوڵەت کردوە.
