ئامانجی ئەمریكا لەبۆردومانكردنی پردەكانی بەندەر عەباس ئاشكراكرا

جیهان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1813 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:

بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا ئاشكرای كرد ئەو هێرشانەی چەند پردێكیان لە ئێران كردۆتە ئامانج، بەشێكە لە ستراتیژێك كە ئامانج لێی بڕینی هێڵەكانی دابینكردنی پشتیوانییە بۆ شاری بەندەر عەباس كە شوێنی بنكەیەكی گەورەی هێزی دەریایی تارانە و بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لە گەرووی هورمز بەكاریدەهێنێت، ئەوەش بەپێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ.

شەوی رابردوو سوپای ئەمریكا پردەكانی ناو شاری بەندەر عەباس و دەوروبەری كردە ئامانج و بەو هۆیەوە ڕێگا سەرەكییەكانی بەستنەوەی شارەكە بە پارێزگاكانی دیكەی ئێرانەوە داخران.

بەندەر عەباس یەكێكە لە ناوەندە سەربازی و بازرگانییە دەریاییە گرنگەكانی ئێران، بنكەیەكی سوپای پاسدارانی تێدایە كە وەك ناوەندێك بۆ ئۆپەراسیۆنەكانی ئێران لە گەرووی هورمز و كەنداو بەكاردەهێنرێت.

بەگوێرەی ڕۆژنامەكە، هێزەكانی ئەمریكا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشەكانیان لە ناوچەكە چڕتر كردووەتەوە و دامەزراوەیەكیان كردۆتە ئامانج كە بۆ كردنەئامانجی ژێردەریایی و كەشتییەكان بە بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەكاردەهێنرا.

ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە چوارچێوەی هەڵمەتێكی سەربازیی فراوانترە كە ئامانج لێی كەمكردنەوەی توانای ئێرانە بۆ هەڕەشەكردن لە كەشتییەكان و پەكخستنی بازرگانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.