زەیدیی ده‌چێته‌ تاران

عیراق

19/07/2026‌ 3040 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشكرایكرد، بەغدا ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ گێڕانی ڕۆڵی نێوەندگیر لەنێوان کۆماری ئیسلامی ئێران‌و ئەمریکادا، بەتایبەتی لەدۆسیە ئابورییەکاندا، هەروەک  ئاماژەی بەوەشکردوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە 23ی ئەم مانگەدا سەردانی تاران دەکات، ئەمەش لەدوای ئەو سەردانەی کە بۆ ئەمریکا ئەنجامیدا.


وەزیری دەرەوەی عێراق لەدیدارێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت ڕونیکردەوە، عێراق لەماوەی ئیدارەکانی پێشوی ئەمریکادا ڕۆڵی هەبوە لەنزیککردنەوەی ڕوانگەکانی نێوان تاران‌و واشنتۆن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەغدا پەیامێکی دیاریکراوی ئەمریکی بۆ ئێران پێ نییە، بەڵام دەتوانێت ئەو ڕاو بۆچونانەی لەواشنتۆن بیستویەتی بگوازێتەوە، هاوکات لەگەڵ خستنەڕوی هەڵوێستی فەرمی عێراق.

فوئاد حوسێن جەختیکردەوە، عێراق لەمیانی سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ ئێران، دیدگای خۆی سەبارەت بەپێویستی ڕاگرتنی شەڕ دەخاتەڕوو، وتی، "هەر دەستپێشخەرییەک یان گفتوگۆیەک، بەتایبەت لەلایەنە ئابورییەکاندا، پێویستی بەکۆتاییهێنان بەگرژییەکان هەیەو ئەگەر شەڕ ڕابگیرێت، دەکرێت باس لەهەموو بابەتەکان بکرێت".

وەزیری دەرەوەی عێراق تیشکیخستەسەر ئەو زیانە ئابورییانەی کە لەئەنجامی شەڕو گرژییەکان بەر عێراق کەوتون، بەتایبەتی لەپرسی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی گەروی هورمزەوە کە بەتاکە ڕێڕەوی سەرەکی هەناردەی نەوتی عێراقی وەسفکرد، لەکاتێکدا هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بۆرییەکانی هەرێمه‌وه‌ بۆ تورکیا لە 200 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا تێپەڕناکات. 

لەکۆتاییدا، فوئاد حوسێن ئه‌وه‌شى وتوه‌، "کاری لەپێشینەی حکومەتی عێراق لەم قۆناغەدا پاراستنی وڵات‌و دورخستنەوەیەتی لەلێکەوتەکانی شەڕ، چارەسەری ڕاستەقینەش تەنها لەڕێگەی گەڕانەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆو کۆتاییهێنان بەشەڕو گرژییەکانی ناوچەکە دێتەدی".