بۆچی کوێت ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانی ئێرانە؟

جیهان

19 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 843 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە ئێستادا کوێت وەک یەکێک لە زەرەرمەندترین و لاوازترین وڵاتانی ناوچەی کەنداو لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێراندا دەردەکەوێت، ئەمەش لە سایەی توندبوونەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە دەوروبەری گەرووی هورمزدا.

 ئەم دۆخە پرسیارێکی زۆری دروستکردووە کە بۆچی ئەم وڵاتە بووەتە چەقی سەرەکیی شەپۆلی هێرشەکانی ئەم دواییە.
 سەرچاوەیەکی نزیک لە ناوەندەکانی بڕیار لە کوێت ئاماژەی بەوە کردووە کە بەئامانجگرتنی وڵاتەکەی کارێکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو هۆکاری سیاسیی و ئەمنیی لە پشت توندبوونەوەی هێرشەکانەوەن.
سەرهەڵدانەوەی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا کاریگەریی لەسەر چەندین شوێنی ناوچەکە هەبووە، لەوانە بەحرەین، ئوردن و هەرێمی کوردستان، بەڵام قەبارەی هێرشەکان بۆ سەر کوێت خێراتر بووە، لە کاتێکدا وڵاتانی وەک عومان، قەتەر و سعودیە هێرشی کەمتریان لەسەر تۆمارکراوە، و ئیماراتیش لەم قۆناغەدا هیچ هێرشێکی نەکراوەتە سەر.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، کوێت بە موشەکی بالیستیی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج، و هێرشەکان لە بنکە سەربازییەکانەوە بۆ سەر ژێرخانی مەدەنیی وەک وێستگەکانی کارەبا، ئاو و دامەزراوە نەوتییەکان فراوان بوون، کە زیانی گیانیی و ماددییان لێکەوتۆتەوە و بوونە هۆی داخستنی کاتیی بواری ئاسمانیی وڵاتەکە لە کۆتایی هەفتەدا.
بەرپرسانی کوێت پێیان وایە هۆکاری سەرەکیی ئەم هێرشانە بۆ ڕەتکردنەوەی کردنەوەی کەناڵی نهێنیی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران و ئازادنەکردنی ئەو ئەفسەرانە دەگەڕێتەوە کە لە ڕێگەی دەریاوە بۆ کاری تێکدەرانە دزەیان کردبووە ناو کوێت.
 جگە لەوەش، پێگەی جوگرافیی کوێت و نزیکی لە ئێران و عێراق، لەگەڵ هەبوونی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، هەستیاریی دۆخەکەیان زیاتر کردووە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی