شارپرێس:
عێراق، وڵاتی دوو ڕوبارەکەو لانکەی زۆنگاوە
مێژوییەکان، لەئێستادا ڕوبەڕوی یەکێک لەسەختترینو بێدەنگترین کارەساتە ژینگەیییەکانی
مێژوی خۆی دەبێتەوە، تەنها وشکبونی خاکو کەمبونی ئاو نییە کە هەڕەشە لەژیان دەکات،
بەڵکو مەترسی لەناوچونی یەکجاریی سروشتو ناسنامە ژینگەیییەکەیەتی.
بهگوێرهى نوێترینو شۆککەرترین داتاکانی
"ناوەندی ستراتیژیی بۆ مافەکانی مرۆڤ"، 134 جۆر لەزیندهوهرى کێوییو
ئاویی لەعێراقدا خراونەتە ناو لیستی سوری ئەو زیندەوەرانەی کە مەترسی لەناوچونی ڕەهایان
لەسەرە، ئەم ژمارە پێوانەییە هۆشدارییەکی توندە لەوەی کە عێراق خەریکە بەشێکی گەورەو
جێگرەوەنەبوو لەهەمەجۆریی بایۆلۆژیی خۆی بۆ هەمیشە لەدەستدەدات.
ئەم پاشەکشە ترسناکەی ژمارەی زیندەوەران دەرئەنجامی
تێکەڵبونی هۆکاری سروشتیو دەستێوەردانی توندی مرۆییە، کە گرنگترینیان بریتین لهدابەزینی
بێپێشینەی ئاستی ئاوی هەردوو ڕوباری دیجلەو فوڕاتو زۆنگاوەکان کە سەرچاوەی سەرەکی
ژیانی ئەو زیندهوهرانهن، ههروهها بەرزبونەوەی پێوانەیی پلەکانی گەرماو
فراوانبونی دیارەی بیابانبونو وشکەساڵی درێژخایەن، سەرەڕای وشکیی سروشت، ڕاوچییە
نایاساییەکان بەردەوامن لەڕاوکردنی جۆرە دەگمەنو کۆچەرییەکان، ئەمەش پڕۆسەی لەناوچونەکەی
خێراترکردوە.
قوربانیانی ئەم کارەساتە تەنها ماسی یان مێروەکان
نین، بەڵکو کۆمەڵێک لەناوازەترینو گرنگترین شیردەرەکانی عێراق لەلێواری نەماندان؛
لەوانە: غەزالی ڕیم، وەلی شاخی (الوعل الجبلی)، گورگی عێراقی، کەمتیاری خەتخەت، ڕێوی
لم، پشیلەی کێوییو سەگی ئاوی زۆنگاوەکان (قچاعه الأهوار)، لەگەڵ چەندین جۆری باڵندەی
کۆچەری کە پێشتر عێراقیان وەک پەناگەیەک دەبینی.
ناوەندی ستراتیژیی جەختدەکاتەوە، ئەم تێکچونە
تەنها کێشەیەکی ژینگەیی سادە نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ قەیرانێکی نیشتمانی کە ڕاستەوخۆ
دەست بۆ ئاسایشی خۆراکو ئابوریی وڵات دەبات.
لەدەستدانی ئەم زیندهوهرانه هاوسەنگی
سروشتیی کشتوکاڵ، ئاژەڵدارییو ماسیگری تێکدەداتو بژێویی هەزاران خێزانی عێراقی کە
پشت بەو ژینگەیە دەبەستن، دەخاتە مەترسییەوە.
