شارپرێس:
ئەنجومەنی گەلی شەنگال لە راگەیەندراوێكدا هۆشداری دەداتە بەغدا لە گرتنەبەری هەر رێوشوێنێكی سەربازی و ئەمنی دژی ئێزدیییەكان و بوونی فشاری توركیا .
لە راگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی گەلی شەنگالدا هاتووە "لە كاتێكی ئاوا تایبەتدا، پەیوەندییە ئاشكرا و نهێنییەكانی نێوان دەوڵەتی عێراق و توركیا و ئەو لێدوانانەی لەم ڕووەوە دەدرێن، مەترسی لەسەر پێكهاتەی ئێزدی دروستكردووە، دەوڵەتی تورك، وەك درێژەپێدەری سیاسەتی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی، دەیەوێت كاریگەری خۆی لەسەر عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بكات، بۆ جێبەجێكردن و سەپاندنی سیاسەتی خۆی، لە سەردەمی عوسمانییەكاندا دەیان جینۆسایدی لەسەر پێكهاتەی ئێزدی ئەنجامداوە و دیارە كە مەبەست و فشارەكانی دەوڵەتی توركیش درێژەپێدەری ئەو نەریتەیە، واتە فەرمان و جینۆساید و ئاوارەكردنی ئێزدییەكان".
لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە "لەم ڕۆژانەدا لە كاتێكدا پێشوازی لە ١٢ ساڵەی دوایین جینۆساید دەكەین، لێدوانی نەرێنی لەسەر شەنگال و پێكهاتەی ئێزدی دەدرێن، لە ڕاگەیەندراوەكاندا دەوترێت، سوپای عێراق دەچێتە ناو شەنگال، بەڵام سوپا و هێزە ئەمنییەكان لە ئێستادا لەسەر ئەركی خۆیانن و جێبەجێی دەكەن، كێشەكە لەوەدایە كە پرسی شەنگال تەنیا لە لایەنی ئەمنییەوە دەستبەسەر دەكرێت و لێكدەدرێتەوە".
هەروەها ئەنجومەنەكە رونیكردەوە "داوا لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی عێراق دەكەین دان بە ئیرادەی سیاسی پێكهاتەی ئێزدیدا بنێن و لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە ڕێگای ئینتێگراسیۆنی دیموكراتیك بكەنەوە، هاوكات داوا لە هەموو هێز و لایەن و فراكسیۆنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق دەكەین پاڵپشتی داوا ڕەواكانی پێكهاتەی ئێزدی بكەن و ڕۆڵی ئەرێنی خۆیان بگێڕن."
