شارپرێس:
ئەمریکا ڕێکارە سزاییەکانی
دژی دەسەڵاتی ئێستای بۆرتسۆدان توندتر کردەوەو ڕایگەیاند، قۆناغی دوەمی ئەو سزایانە
دەستیپێکردوە کە لەیاسای بەرەنگاربونەوەی چەکە کیمیاییو بایۆلۆژییەکاندا هاتوە، ئەمەش
دوای ئەوەهات، بە فەرمی پشتڕاستکرایەوە سوپای سودان چەکی کیمیایی بەکارهێناوەو دەسەڵاتەکەی
نەیتوانیوه لەماوەی دیاریکراوی یاساییدا ئەو مەرجانە جێبەجێبکات کە ڕێگە بەلادانی
سزاکان دەدەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا،
لەتۆماری فیدراڵی (ڕۆژنامەی فەرمی ویلایەتەیەکگرتوەکان) بڕیارە فەرمییەکەی سەر بەو
سزایانەی بڵاوکردەوە کە بهگوێرهى یاسای بەرەنگاربونەوەی چەکە کیمیاییو بایۆلۆژییەکانی
ساڵی 1991 بەسەر سوداندا سەپێنراون.
بەکارهێنانی تۆماری فیدراڵی
بەرزترین ئاستی پەسەندکردنی یاساییە لەناو ئەمریکادا، چونکە سزاکان لەڕاگەیاندنێکی
سیاسییەوە دەگۆڕێت بۆ ڕێکاری ناچارکەر بۆ سەرجەم دامەزراوەو ئاژانسەکانی حکومەتی ئەمریکا.
لهو ڕوهشهوه وەزارەتی
دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندوه، بەرپرسی بەڕێوەبەری بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ
کاروباری کەمکردنەوەی پڕچەککردنو ئاسایشی نێودەوڵەتی، بهگوێرهى ئەو دەسەڵاتانەی
پێیدراوە، گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی کە حکومەتی سودان چەکی کیمیایی بەکارهێناوە کە ئەمەش
پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە، هەروەها بەفەرمی کۆنگرێسی لەمبارەیەوە ئاگادارکردوەتەوە
بهگوێرهى حوکمەکانی یاسای ئەمریکا.
زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن،
حکومەتی ئێستای سودان مەرجە یاساییە پێویستەکانی جێبەجێنەکردوە بۆ دورکەوتنەوە لەقۆناغی
دوەمی سزاکانی ناو یاساکە، ئەمەش بوە هۆی سەپاندنی کۆمەڵێک ڕێکاری فراوانی ئابوریی،
سەربازییو تەکنیکی دژی.
سزاکان کە بۆ ئاژانسەکانی
ئەمریکا بونەتە ناچارکەر، کۆمەڵێک ڕێکاری فراوان لەخۆدەگرن، لەوانە: ڕاگرتنی هەموو
جۆرە یارمەتییەکی دەرەکی ئەمریکا بۆ سودان، جگە لەهاوکارییە مرۆییە بەپەلەکان، خۆراکو
بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
هەروەها ڕاگرتنی سەرجەم
فرۆشتنەکانی چەکو خزمەتگوزارییە بەرگرییەکانی ئەمریکا، هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکانی
هەناردەکردنی کەرەستەی سەربازیی یان خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان بەوانەوە، لەگەڵ
ڕاگرتنی هەموو بەرنامەکانی دابینکردنی دارایی سەربازیی دەرەکی کە پێشکەشی سودان دەکرا.
هەروەها سزاکان ڕێگریی
دەکەن لەپێدانی هەر قەرز، دەستەبەری یان هاوکارییەکی دارایی لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە،
لەوانەش لەڕێگەی بانکی هەناردەو هاوردەی ئەمریکی، لەگەڵ پابەندبونی ویلایەتەیەکگرتوەکان
بەدژایەتیکردنی پێدانی هەر قەرزێک یان پاڵپشتییەکی دارایی یان تەکنیکی بەسودان لەڕێگەی
دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکانەوە، مەگەر ئەوانەی پەیوەندییان بەهاوکارییە مرۆییە
بنەڕەتییەکانەوە هەیە.
سزاکان پێوەرو
سنوردارکردنی توندیش دەسەپێنن بەسەر هەناردەکردنی کاڵاو تەکنەلۆژیا هەستیارە ئەمنییەکانی
ئەمریکا بۆ سودان، لەمەودوا سیاسەتی پێدانی مۆڵەت بنەمای لەسەر "گریمانەی ڕەتکردنەوە"
دەبێت بۆ ئەو ماددانەی کە دەکرێت هاوکاربن لەگەشەپێدانی توانای سەربازیی یان ئەمنیی
سوداندا.
سەرەڕای توندکردنی
سزاکان، بڕیارەکە چەند بەدەرکردنێکی کەمی دیاریکردوە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
دەڵێت، خزمەت بەبەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەمریکا دەکەن، ئەوانیش بریتین لەڕێگەدان
(لەحاڵەتی نائاساییدا) بەپێدانی مۆڵەتی پەیوەندیدار بەسەلامەتی فڕینی مەدەنیو هێشتنەوەی
هەندێک بەخشین بۆ ئەو کۆمپانیا ئەمریکیانەی کە لەدەرەوەی وڵات کاردەکەن بهگوێرهى
ڕێسای دیاریکراو.
هەروەها بڕیارەکە ڕێگەدەدات
بەدەرکردنی مۆڵەتی تاکەکەسی لەو حاڵەتانەی کە پێشبینیدەکرێت خزمەت بەئاسایشی نەتەوەیی
ئەمریکا بکەن، لەوانەش هەندێک مامەڵە کە پەیوەندییان بەلایەنە ناحکومییەکانەوە هەیە،
وەزارەتی دەرەوەى ئهمریكا-ش جەختدهكاتهوه، ئەم بەدەرکردنانە مەودایەکی زۆر تەسکیان
هەیەو دەستکاری جەوهەری سزاکان ناکەن یان کەمکردنەوەی تێدا ناکەن بۆ ئەو
سنوردارکردنە بنەڕەتییانەی بەسەر سوداندا سەپێنراون کە بەتەواوی کاریگەری خۆیانەوە
بەردەوامو ناچارکەر دەمێننەوە.
ئەم ڕێکارانە وەک یەکێک
لەتوندترین ئەو سزایانە سەیر دەکرێن کە ئهمریكا لەماوەی چەندین ساڵی ڕابردودا بەسەر
سوداندا سەپاندبێتی، چونکە کەرتەکانی دارایی، بازرگانی، تەکنەلۆژیاو هاوکاری سەربازیی
دەکاتە ئامانج، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی سەر بەسوپا لەبۆرتسۆدان ڕوبەڕوی
قەیرانێکی ئابوریی قووڵو گۆشەگیرییەکی دیپلۆماسی گەورە دەبنەوە.
بڕیارەکە بەرزترین سەرچاوەی
یاسایی ئەمریکایە لەمامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا، واشنتۆن تەنها بەتۆمەتبارکردنی
حکومەتی سودان بەبەکارهێنانی چەکی کیمیایی نەوەستاوە، بەڵکو بەفەرمی گەیشتوەتە ئەو
ئەنجامەی کە خهرتوم نەیتوانیوە دۆخەکە ڕاستبکاتەوە یان گرنتی پێویست بدات بۆ ڕێگریکردن
لەدوبارەبونەوەی، بەمەش دۆسیەکە لەقۆناغی تۆمەتبارکردنی سیاسییەوە گوازرایەوە بۆ قۆناغی
سزای یاسایی ناچارکەر بهگوێرهى یاسای ئەمریکا.
ئەم بڕیارە بەتەواوی ڕێگه
لەبەردەم هەر پاڵپشتی یان داراییەک دەگرێت کە حکومەتی ئەمریکا پێشکەشی سودانی
بکات، هەروەها ئەمریکا پابەند دەکات بەدژایەتیکردنی پێدانی قەرز، هاوکاری دارایی یان
تەکنیکی بەخهرتوم لەڕێگەی بانکی نێودەوڵەتی، سندوقی دراوی نێودەوڵەتیو دامەزراوە
داراییە نێودەوڵەتییەکانی دیکەوە، ئەمەش گۆشەگیریی ئابوریی حکومەتەکە قوڵتردەکاتەوەو
دەرفەتی بەدەستهێنانی دارایی دەرەکی یان گێڕانەوەی متمانەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان
قورستر دەکات.
بەڵگەنامە فەرمییەکە لەتۆماری
فیدراڵیدا بەوە کۆتاییهاتوە کە ئەم ڕێکارانە لەلایەن وەزارەتو ئاژانسە تایبەتمەندەکانی
حکومەتی ئهمریكاوه جێبەجێدەکرێن، سزاکانیش بۆ ماوەیەک کە لەیەک ساڵ کەمتر نەبێتو
تا کاتی ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە بەردەوامدەبن.
ئەمەش بەو مانایەیە کە
لادانی ئەم سزایانە دوای کۆتاییهاتنی ساڵی یەکەم بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نابێت، بەڵکو
پێویستی بەبڕیارێکی فەرمی ئیدارەی ئەمریکا هەیە کە تێیدا پشتڕاستبکرێتەوە کە ئەو هۆکارانەی
بونە هۆی سەپاندنی سزاکان نەماونو سودان سەرجەم مەرجە دیاریکراوەکانی ناو یاساکەی
جێبەجێکردوە.
ئەم سزایانە پشت بەبڕیارێکی
پێشوتری ئەمریکا دەبەستن کە گەیشتبوە ئەو ئەنجامەی حکومەتی سودان چەکی کیمیایی بەکارهێناوە،
واشنتۆن ئەمەی بەپێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتیو حوکمەکانی یاسای بەرەنگاربونەوەی چەکە
کیمیاییو بایۆلۆژییەکانی ساڵی 1991 دانا، بەمەش پهیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات
چوە قۆناغێکی نوێ لەئاڵۆزییو گرژیی یاساییو دیپلۆماسی بێپێشینە.
ئەم بڕیارە نیشانەی ئەوەیە
کە واشنتۆن لەقۆناغی گوشاری دیپلۆماسییەوە گواستویەتییەوە بۆ بەکارهێنانی ئامرازەکانی
گۆشەگیریی ئابورییو یاسایی دژی دەسەڵاتدارانی سودان، ئەمەش لەژێر ڕۆشنایی بەردەوامی
شەڕو زیادبونی تۆمەتە نێودەوڵەتییەکان بەئەنجامدانی پێشێلکاری قورس، لەوانەش بەکارهێنانی
چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی.
