شارپرێس:
سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئیسرائیلی بۆ کەناڵی "ئەلحەدەس"ی سعودی ئاشکرایکردوە، موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران، لەئێستادا لە ناوخاکی ئێراندا نییەو بانگەشەی ئەوەیکردوە ئەو پەیامانەی بەناوی ئەوەوە بڵاودەکرێنەوە، لەلایەن ئەحمەد وەحیدیو بەرپرسانی دیکەی سوپای پاسدارانەوە ئامادەدەکرێن.
بهگوێرهى وتەی ئەم سەرچاوەیە، ناکۆکییەکانی ناو هەرەمی دەسەڵات لەتاران گەیشتونەتە ئاستێک کە کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی بڕیاردان داناوەو هەڕەشە لەیەکڕیزیی سوپای پاسداران دەکەن، ئەمەش لەکاتی بەردەوامیی گرژییە سەربازییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا.
ئەم لێدوانانە هاوکاتن لەگەڵ ڕاپۆرتگەلێک کە باسیان لەبونی ناکۆکیی لەنێوان دامەزراوە سیاسییەکان، نوسینگەی ڕێبەرو سەرکردایەتیی سەربازیدا کردوە سەبارەت بەچۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ڕوبەڕوبونەوەکان، بەتایبەتی لەدۆسیەکانی پەیوەندیدار بەکەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن، سنوری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانو گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتیی زیانەکان.
بهگوێرهى ڕاپۆرتە میدیاییەکان، نوسینگەی ڕێبەر هەڵسەنگاندنی جیاوازی لەوەزارەتی دەرەوە، بارەگای "خاتەمول ئەنبیا"، فەیلەقی قودسو هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانەوە پێگەیشتوە سەبارەت بەقەبارەی ئەو زیانانەی بەر ئێران کەوتونو توانای وڵاتەکە بۆ بەردەوامبون لەڕوبەڕوبونەوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، داوای یەکخستنی بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ نێوەندگیرەکاندا کردوە لەڕێگەی یەک کەناڵی دیپلۆماسییەوە، لەکاتێکدا سەرکردەکانی سوپای پاسداران بەردەوامبون لەپێشکەشکردنی هەڵسەنگاندنی تایبەتی خۆیان.
ئەوەش هاتوە، "ناکۆکییەکان تەنانەت ناوخۆی سوپای پاسدارانیشی گرتوهتەوە؛ هەندێک بەرپرس پاڵپشتی لەبەردەوامیی بەکارهێنانی موشەکو درۆن دەکەنو هەندێکی دیکەش پێیانوایە، پێویستە ئاستی گرژییەکان بهگوێرهى توانای ئێران بۆ بەرگەگرتنی گورزەکانو پاراستنی دامەزراوەکانی دەستکاریی بکرێت.
لەکاتێکدا شیکارییە ئیسرائیلییەکان ئەحمەد وەحیدی وەک یەکێک لەدیارترین ناوەندەکانی بڕیاری سەربازیی لەتاران لە قۆناغی ئێستادا دەبینن، کۆنترۆڵکردنی گەروی هورمز هێشتا وەک گرنگترین کارتی ستراتیژیی ئێران دەمێنێتەوە بۆ پاراستنی هەژمونی ناوچەیی.
