كۆنگرەی ئازادی ئێران دژی هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل وەستایەوە و پارتە كوردییەكانیش رونكردنەوە دەدەن

کوردستان

22 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 704 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

لەگەڵ زیادبوونی ئەگەرەگانی فراوانبوونی هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران و گریمانەی هێرشی زەمینی، كۆنگرەی ئازادی ئێران دژایەتی خۆی بۆ هەر دەستوەردانێكی سەربازی لە ئێران راگەیاند.

كۆنگرەی ئازادی ئێران لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، هەرچەند دژی دەسەڵات و رژێمی كۆماری ئیسلامین، بەڵام داوادەكەن، بەپەلە هێرشەكانی سەر ئێران رابگیرێت و دژایەتی خۆشیان بۆ هەر دەستوەردانێكی دەرەكی سەربازی دژی ئێران نیشانداوە.

 ئەو راگەیەندراوە لەكاتێكدایە پارتە سەرەكییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەندامی كۆنگرەی ئازادی ئێرانن، بەڵام دەڵێن ئەوان دەنگیان بەو راگەیەندراوە نەداوە و لەگەڵیدا نین.

بەوتەی سەرچاوە نزیكەكان لە پارتە كوردییەكانی بەشدار لە كۆنگرەكەدا ئەوان لەگەڵ راگەیەندراوەكەدا نین و راوبۆچوونی ئەوان نییە.

لەوبارەیەوە كۆمیتەی پەیوەندییە  كوردستانی و ئێرانییەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات لە رونكردنەوەیەكدا دەڵێت، "لە ‌پەیوەندی لەگەڵ ئەو بەیاننامەیەدا كه كۆنگرەی ئازادیی ئێران لەبارەی شەڕی ئێران و ئەمریكا و ئاكامەكانی دەری كردووه، به ئاگاداریی هەموو لایەك دەگەیەنین كه حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەبەر ئەوەی له ئۆرگانە بەڕێوەبەرییەكانی ئەو كۆنگرەیەدا ئەندام نییه، له داڕشتن و پەسندكردنی ئەو بەیاننامەیەدا بەشدار نەبووه".
دەشڵێت "هەربۆیه ناوەرۆكی ئەو بەیاننامەیه به هەڵوێستی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دانانرێ و هیچ پێوەندییەكی بە‌و حیزبەوه نییه. هەڵوێسته ڕەسمییەكانی حیزبی دییموكرات تەنیا له ڕێگای ئۆرگان و مێدیاكانی ئەو حیزبەوه ڕادەگەیەنرێن و بڵاو دەكرێنەوه".