شارپرێس:
تۆڕیی CNNی ئەمریکی ئاشکرای کردووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عەرەبستانی سعوودیە لە تشرینی یەکەمی 2025دا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ ئەوەی واشنتۆن هاوکاریی ڕیاز بکات لە بەرەوپێشبردنی بەرنامەیەکی ئەتۆمیی مەدەنی.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە ڕێکخستنی تایبەتی تێدایە کە جیاوازە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکانی پێشووی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی دیکەی وەک ئیمارات، بەوەی سعوودیە پابەند ناکات بە ملکەچبوون بۆ پرۆتۆکۆلی زیادکراوی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA).
میدیا ئەمریکییەکە ئاشکرایکردووە کە ئەمەش نیگەرانیی لەلای کۆنگرێسی ئەمریکی درووست کردووە لەوەی دەرفەت بداتە سعوودیە لە داهاتوودا یۆرانیۆم بپیتێنێت یان دووبارە سووتەمەنیی ئەتۆمیی پرۆسێس بکاتەوە بۆ دەرهێنانی پلوتۆنیۆم، کە هەردووکیان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی بەکاردێن.
بەپێچەوانەی سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن، کە هاوکارییە ئەتۆمییەکە بەشێک بوو لە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، ئێستا ئەم ڕێککەوتنە چیتر بەو مەرجەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵام پێشڤەچوونی کۆتایی بەرەو ئیمزاکردنی، بەهۆی شەڕ لەگەڵ ئێران و ترسی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە دژایەتیی بەهێزی هەردوو حزبی کۆنگرێس دواکەوتووە.
پشتیوانانی ڕێککەوتنەکە پێیان وایە ئەم هەنگاوە هەژموونی ئەمریکا بەهێز دەکات و ڕێگە لە ڕووکردنی سعوودیە بەرەو ڕووسیا و چین دەگرێت، بەڵام شارەزایانی پڕچەکنەکردن هۆشداریی دەدەن کە نەبوونی چاودێریی توند توانای ئاژانسی ئەتۆمیی بۆ دۆزینەوەی چالاکیی ڕانەگەیەندراو کەم دەکاتەوە و ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەکی جدییەوە.