شارپرێس:
جێگری وەزیری دەرەوەی کۆبا، کارلۆس دێ کۆسیۆ، هۆشداریداوە لەوەی هەر جووڵەیەکی
سەربازیی ئەمریکا بەرامبەر وڵاتەکەی دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی دۆخەکە بە شێوەیەکی بێپێشینە.
جەختیشی کردۆتەوە کە ئەو جۆرە هێرشانه کوژران و وێرانییەکی گەورەی لێ دەکەوێتەوە و
رەنگە زیانی گیانی بەر لایەنی ئەمریکیش بکەوێت.
دێ کۆسیۆ ئاماژەی بەوەش کردووە کە
کرۆکی کێشەکە لەوەدایە واشنتۆن ئامادە نییە دان بنێت بە مافی کۆبا وەک دەوڵەتێکی
خاوەن سەروەری.
لەلایەکی دیکەوە، خوسێ ڕامۆن کابانیاس، سەرۆکی کۆمیتەی لێکۆڵینەوە سیاسییە
نێودەوڵەتییەکان لە کۆبا و باڵیۆزی پێشووی وڵاتەکە لە ئەمریکا، ڕایگەیاند کە گەلی
کۆبا بە هیچ جۆرێک ڕازی نابێت بە دەستوەردانی دەرەکیی و بەردەوام دەبێت لە پاراستنی
سەروەریی خاکی وڵاتەکەی، بە هەمان ئەو گیانەی لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ساڵی 1959ی
زایینییەوە نیشانی داوە.
کابانیاس ئاماژەی بەوەکردووە کە وڵاتەکەی
بۆ چەندین دەیە ڕووبەڕووی گوشار و تەنگپێهەڵچنین بووەتەوە، بە تایبەتیی لە ماوەی
خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ کە سزاکان و گەمارۆی ئابووریی سەر دوورگەکەی
دژوارتر کرد.
کابانیاس لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە روونی کردۆتەوە کە هەر
کردەوەیەکی سەربازیی دژی کۆبا کارێکی ئاسان نابێت و گەلی کۆبا ئامادەیە بەرگریی لە
وڵاتەکەی بكات.
سەبارەت بە گۆشەگیربوونی کۆبا بەراورد بە سەردەمی جەنگی سارد و نەمانی پشتیوانیی
یەکێتیی سۆڤیەت، ناوبراو ئاماژەی بە دەنگدانەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
کرد کە تێیدا زۆربەی وڵاتانی جیهان دژی گەمارۆکانی ئەمریکا دەنگیان داوە.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە
کە هێرش و گوشارەکانی واشنتۆن، تەنانەت لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ڕووداوەکانی وەک جەنگی
ئێران و هەڕەشەی گرتنی دوورگەکە لە دەریای کاریبی، نەبوونەتە هۆی بڕینی هاوکارییەکان
و وڵاتانی دۆست بەردەوامن لە هاوکاریکردنی هاڤانا.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی