ئیسرائیل لەڕێککەوتنی ئەمریکا و سعودیە لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی نیگەرانە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 179 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کەناڵی I24 NEWS ی ئیسرائیلی  ئاشکرایکردوە کە تاوەکو ئێستا ئیسرائیل بە شێوەیەکی فەرمی وەڵامی ڕێککەوتنەکەی نێوان ئەمریکا و سعودیەی نەداوەتەوە کە ڕێگە بە ڕیاز دەدات لەسەر خاکی خۆی پیتاندنی یۆرانیۆم ئەنجام بدات.


کەناڵەکە دەڵێت: لەگەڵ ئەوەشدا، دەکرێت بوترێت لە دانوستانە داخراوەکاندا، لایەنە ئەمنییەکان نیگەرانی خۆیان لەم ڕێککەوتنە دەربڕیوە و ئاماژەیان بەوە کردوە کە دەکرێت بێتە هۆی خێراکردنی پێشبڕکێی چەکداربونی ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەوەش هاتوە: ئەگەری بونی بەرنامەیەکی ئەتۆمیی مەدەنیی لەسەر خاکی سعودیە بۆ چەندین ساڵ یەکێک بوە لە مەرجە سەرەکییەکان بۆ ڕیاز لە چوارچێوەی دانوستانەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام ئێستا لە ڕوانگەی ئەوانەوە، ئەو دەستکەوتەیان بەدەستپێناوە بەبێ ئەوەی هیچ پێشکەوتنێک بەرەو دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل بێتە ئاراوە.

میدیا ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بەوەکردوە کە لە ئیسرائیل توشی سەرسوڕمان بون بەرامبەر ئەم هەنگاوە و بەرپرسە باڵاکانی ئیسرائیل ئاگاداری ئەم پەیوەندییانە نەبون و پێشوەختە لە وردەکاریی ڕێککەوتنەکە ئاگادار نەکراونەتەوە.

لای خۆیەوە  نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی پێشوی ئیسرائیل ڕاستەوخۆ دژایەتیی خۆی بۆ ڕێککەوتنەکە دەربڕیوە  و  بە شکستێکی ستراتیژیی مەترسیدار وەسف کرد کە ئاسایشی ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە.

راپۆرتە هەواڵییەکان دوێنی چوارشەممە ئاشکرایانکرد کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر ڕێککەوتنێکی ئەتۆمیی مەدەنیی لەگەڵ سعودیە داوە کە بۆ ماوەی 30 ساڵ بەردەوام دەبێت و بەپێی ئەوەش ئەمریکا هاوکاریی دەبێت لە دامەزراندنی ناوەندێکی پیتاندنی یۆرانیۆم لە خاکی سعودیە،  بەڵام ڕێککەوتنەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە و پێویستی بە ڕەزامەندیی کۆنگرێس دەبێت پێش ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی