جەعفەر عەلی
خودنەفرەتی وەک بەشێک لە سایکۆلۆژیای کورد
فرانز فانون (١٩٢٥-١٩٦١)، پزیشکێکی پسپۆری دەروونناس و فەیلەسوفێکی کۆمەڵناسی ڕەش پێست بوو، لە دورگەکانی مارتینیک لە دەریای کاریبییەوە هاتبوو، لە نەخۆشخانەیەکی نەخۆشییە دەروونییەکان لە شاری (بەلیدا، جوانفیل) لە جەزائیر لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمی فرەنسی کاری دەکرد، دواتر پەیوەندی بە شۆڕشی جەزائیرییەوە کرد و لەگەڵ چەند شانەیەکی شۆڕشگێڕی ئەو وڵاتە کۆلۆنیکراوەدا دەستیکرد بە کارکردن.
لەو ماوەیەدا فانون، کەوتە هەوڵدان بۆ خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لە پەیوەندی نێوان مرۆڤی داگیرکەر و داگیرکراو، کۆلۆنیست و بەکۆلۆنیکراو، هەروەها ڕوونکردنەوەی ئەو کاریگەرییانەی کۆلۆنیالیزم لەسەر مرۆڤی داگیرکراو، مرۆڤی خاوەن ڕاستەقینەی خاک و جوگرافیا جێیدەهێڵێت. هەوڵیدا هۆکارەکانی جۆرێک لە پیرۆزکردنی دیاردەی داگیرکەر لە بینینی ئەو کەسانەوە لێکبداتەوە، کە ببوون بە بەکرێگیراویان و، هاوشانی ئەوە ئەو هۆکارانەش تێبگات، کە بۆچی بەشێک لە خودی جەزائیرییەکان ڕقیان لە هاونیشتمانیانی خۆیان دەبوویەوە، وێڕای ئەوەی ئەوانەی ببوونە وێنەی دووەمی داگیرکەر، لەگەڵ جەزائیرییەکان مرۆڤی هەمان وڵات و هەمان ژینگەی کۆمەڵایەتی بوون، لە هەمان سەرزەمین و جوگرافیا لە دایک ببوون و لە هەمان سیستمی پەروەردەییشەوە هاتبوون، هەموو ئەمانە، فانونی خستە بەردەم بەدواداچوون، سەرسوڕمان و پرسیاری قوڵەوە.
بە سوودوەرگرتن لە پسپۆڕی و شارەزاییەکەی، فانون هەوڵیدا ئەم دیاردەیە لە ڕوانگەی زانستی پزیشکی دەروونییەوە لێکبداتەوە، کە کۆتاییەکەی بریتیبوو لە نووسین و بڵاوکردنەوەی کتێبی (ئازاردراوانی سەرزەوی-معذبو الأرض) لە ساڵی ١٩٦١دا.
لە بەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا، فانون گفتوگۆی ئەوە دەکات، چۆن سیستمی کۆلۆنیالیزم، هەستکردن بە خۆبەکەمزانی و باوەڕهێنانی داگیرکراو بە گەورەیی ئەویدی داگیرکەر لە ڕووی شارستانی و کولتورییەوە دروستدەکات. لە بەشی پێنجەمیشیدا، ئەو دۆخە سایکۆلۆژییە دەخاتەڕوو، کە چۆن ستەمی کۆلۆنیالیزم بووەتە هۆی شڵەژانی دەروونی و ونبوونی متمانەی مرۆڤەکان بەخودی خۆیان، هەستکردنیان بە خۆبەکەمزانی و توندوتیژی ناوەکی.
هەستکردن بە خۆبەکەمزانی، بریتییە لە دۆخێکی سایکۆلۆژی، تاک، یان کۆمەڵ، بەرەو ئەو قەناعەتە دەبات، کە ئەوان بەهایان لە ئەویدی داگیرکەر کەمترە و کەمتریش توانا و لێهاتووییان هەیە، ئەمەش بریتییە لە بەرهەمی هەژموونی سیاسی، کولتوری و کۆمەڵایەتی کۆلۆنیالیزم. هەستکردن بە خۆبەکەمزانی لای فانون، تەنها بریتی نییە لە لاوازی متمانەی مرۆڤ بە خودی خۆی، بەڵکو حاڵەتێکی دەروونی و کۆمەڵایەتییە و داگیرکەر لە بوونی مرۆڤی داگیرکراودا دەیچێنێت تا بیهێنێتە سەر ئەو باوەڕەی، داگیرکەر لە ڕووی شارستانی، کولتوری، زمان و مرۆڤایەتییەوە، لەو باڵاتر و باشترە.
دوای لێکۆڵینەوەی تیۆری و مەیدانی، فانون گەیشتە ئەو لێکدانەوەیەی، ئەوەی لە ئەقڵی مرۆڤی داگیرکراودا ڕوودەدات، بریتییە لە سیندرۆمی دەروونی، کە بە هۆکاری جیاواز لە ژینگەی ئەقڵی و کۆمەڵایەتی مرۆڤدا سەوز دەبێت و بیرۆکەی خودنەفرەتی، یان ڕقلێبوونەوەی مرۆڤ لە خودی خۆی دروستدەکات. بە بڕوای ئەو، ڕقلێبوونەوەی مرۆڤ لە خۆی، بە تێپەڕبوونی کات ڕق لە بەرامبەر ئەویدیکەیش بەرهەم دێنێت. بەپشتبەستن بە پرەنسیپی (ئەوەی شتێکی نەبێت، ناتوانێت ببەخشێت)، ئەو مرۆڤانەی نزم سەیری خۆیان دەکەن و متمانەیان بەخۆیان نییە، بە سروشتی خۆیان ناتوانن ئەوانیدیکەیشیان خۆشبوێت. بۆیە وەک جۆرێک لە تۆڵەسەندنەوە، هەوڵدەدەن ئەوەی لە بوونیاندا هەیە بیگوازنەوە بۆ جیهانی دەرەوەی خۆیان و ڕقلێبوونەوەکەیشیان بۆ ئەوانیدی. لێرەوە ڕەفتاری ڕقلێبوونەوە، ناپاکی، ڕەخنەی توند، کینەی زۆری پڕ لە زێدەگۆیی، ئیرەیی و زۆر ڕەفتاری جیاوازی دوژمنکارانە و زیانبەخش، لە شێوەی پەرچەکردارێکی سایکۆلۆژی وەک بەشێک لە ئازارچەشتنی ناوەکی تاک خۆی نمایش دەکات.
گرێی خۆبەکەمزانی بە لای فانونەوە، وا دەکات مرۆڤ بە چاوی ئەویدی داگیرکەر سەیری خۆی بکات، تەنانەت ئەو باس لە پۆشینی ماسکی سپی لەلایەن بەشێک لە ڕەش پێستەکانەوە دەکات (واتە بەکارهێنانی زمانی مرۆڤی سپی پێست، بەها و کولتوری سپی)، ئەمەش لەپێناوی شاردنەوەی ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیان و ڕزگاربوون لە (پەڵەی ڕەش پێستی) بە ئامانجی تێکەڵبوون و قبوڵکردنیان لەلایەن ئەوانیدی باڵادەست و داگیرکەرەوە.
کتێبی (پێستی ڕەش، ماسکی سپی-بشرة السوداء أقنعة بيضاء)، کە نەک تەنها کتێبێک، بەڵکو بانگەوازێکی مرۆییە لەپێناو ڕزگاربوون لە هەر فۆڕمێکی ستەمکاری، فانون لە بەشی پێنجەمی ئەم کتێبەدا بەم جۆرە باس لە چیرۆکێکی تراجیدی لەڕێی ڕەنگی پێستەوە دەکات: لە ناو شەمەندەفەر دانیشتبووم، کاتێک گوێبیستی منداڵێکی سپی پێست بووم بەترسەوە هاواری دەکرد: (بڕوانە! زنجی)، واتە بڕوانە مرۆڤێکی ڕەش پێست لە شەمەندەفەرەکەدا دانیشتووە. ئەم هەڵوێستە سەبارەت بە فانون تەواو ئازاربەخش دەبێت، هەست بە توڕەییەکی شەرمهێن دەکات سەبارەت بە ترسی منداڵەکە لە ڕەنگی پێستی ئەو. لێرەوە مەبەستییەتی پێمانبڵێت: چۆن ڕاسیزم دەتوانێت ببێتە کارخانەی دروستکردنی هەست بە نامۆبوون لە جەستەی مرۆڤدا .
بۆچوونی فانون ئەوەبوو: "ڕزگاری ڕاستەقینە تەنها بە شۆڕش ناکرێت، بەڵکو بە ڕزگاربوون دەبێت لە میراتی کۆلۆنیالیزم". سەرجەمی قسەکانی فانون لەوەدا پوخت دەبێتەوە، چۆن داگیرکەر هەوڵدەدات لەسەر بنەمای جیاوازی ڕەنگی پێست مرۆڤ بەرەو ئەوە ببات بە ملکەچی ڕازی بێت، کە سەرەنجام دەبێتە هۆی دروستبوونی گرێی خۆبەکەمزانی، هەر وەک چۆن پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێت تا ڕقی لە هاوشێوەکانی خۆی بێتەوە. ئەوە وێڕای ئەوەی مرۆڤ بەرەو ئەوە پەلکێش دەکات بۆ ئەوەی هەرچی زیاتر لە ڕەنگ و وێنەی مرۆڤی داگیرکەر بچێت بە ئامانجی بەدەستهێنانی دانپێدانان لەلایەن ئەویدی باڵا و سەردەستەوە.
مستەفا حیجازی لە کتێبی (دواکەوتنی کۆمەڵایەتی، سەرەتایەک بۆ سایکۆلۆژیای مرۆڤی ستەملێکراو، التخلف الاجتماعي، مدخل الی سيكولوجية الانسان المقهور)دا باس لەوە دەکات، کەسی ستەملێکراو تەماهی لەگەڵ خۆبەبچووک بینین و خۆبەکەمزانی خۆیدا دەکات، بێ دەسەڵاتی خۆی وەک چارەنوسێکی بڕیارلێدراو پێشاندەدات، تەنانەت هەندێکجار بەهاکانی خودی دەسەڵاتی ستەمکار وەک میکانیزمێک بۆ مانەوە وەردەگرێت. تەماهیبوونی مرۆڤی داگیرکراو لەگەڵ فرمانەکانی داگیرکەر و دەسەڵاتداردا، جۆرێک لە هێرشی دوژمنکارانەی مرۆڤی داگیرکراو بەرەو خودی خۆی لە شێوەی هەستکردن بە گوناهو خۆبەکەمزانی، بێ ڕێزی و سووکایەتی بە بەهای خۆی دروستدەکات. مرۆڤی داگیرکراو دەچێتە نێو پرۆسەیەکەوە، تەنها بریتی نییە لە پرۆسەی بێ بەهاکردنی خودی خۆی وەک تاک، بەڵکو ئەو گروپ و کۆمەڵە مرۆییەش بێ بەها دەکات، کە تێیدا دەژیت، تەنانەت تا ئەو شوێنە دەڕوات، نەک تەنها پێگەی دەسەڵاتدار بەرز دەکاتەوە، بەڵکو زێدەگۆیی لە پێگە و قورسایی و نرخدان بە هەموو شتێک دەکات، کە پەیوەندی بە دەسەڵات، یان داگیرکەرەوە هەبێت.
لە دۆخی تەماهیبوون لەگەڵ داگیرکەردا، مرۆڤ دەستدەکات بە دانانی کۆمەڵێک بڕیاردانی نەرێنی، کە وا دەکات چاکە و شکۆمەندی لە خودی خۆیدا نەبینێت، ئەمەش سەرەنجام بەرەو مەیلی زەلیلبوون و خۆوێرانکردنی دەبات. ئەم پەیوەندییە لە دۆخێکی ئاساییدا ناوەستێت، بەڵکو لە حاڵەتی هەڵکشانیدا دەگاتە توندترین پلەکانی سادۆمازۆشی، واتە قبوڵکردنی ئەویدی داگیرکەر و ملکەچبوون لەبەردەمیدا لە کەشێکدا کە پڕیەتی لە زێدەگۆیی لە بینینی ئەویدی و سەرسامبوون بە بەهاکانی. ئەم زێدەگۆییە بەرهەمی کەرتبوونی بەهای مرۆییە، کاتێک مرۆڤی داگیرکراو کۆی بەها ئەرێنییەکان (هێز، خۆڕاگری و باڵادەستی) لە دەسەڵاتدار، یان داگیرکەردا دەبینێتەوە و، تەواوی بەها نەرێنییەکانیش لە مرۆڤی ستەملێکراودا. لێرەوە وا دەردەکەوێت هیوایەک بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانی بوون (وجود) ئامادەیی نەبێت تەنها لە ڕێگەی نزیکبوونەوە لە دەسەڵات و ڕەتکردنەوەی تەواوی خود و ئینتیما مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان نەبێت.
لێرەوە بابەتەکە بەو ڕستە تێکشکاوانە گرێ دەدەمەوە، کە خەڵکانێک بە ناوی کارکردن لەنێو مێژووی کورددا سەبارەت بە چەندین کەسایەتی وەک (شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری)، (حوسێن حوزنی موکریانی) و (ڕۆژنامەی کوردستان ١٨٩٨، یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی)، دەخوازن وەک ڕاستییەکی مێژوویی پێشکەشی بکەن. ئەوە چییە وا دەکات، هەندێکجار مرۆڤ بێ ئاگا، بڕێکجاری دیکەیش بە ئاگاییەوە لەپێناوی دانپێدانان و قبوڵکردنی لەلایەن ئەویدی داگیرکەرەوە، چێژ لە بچووککردنەوەی خۆی و شێواندنی کولتور و مێژووی نەتەوەکەی وەربگرێت، بۆچی مرۆڤ دەگاتە دۆخێک ئامادەیە قبوڵی ئەوە بکات وەک مرۆڤێکی زیندانی نێو دۆخێکی دەروونی داڕماو و لە خانەی گرێی خۆبەکەمزانیدا جێگە بگرێت.
بۆ مرۆڤی کەوتوو، مرۆڤێک کە بوونی خۆی، کولتور و مێژووی خۆی ڕەتدەکاتەوە، هەمیشە هاواری منداڵێکی ئەوی داگیرکەر هێزی ئەوەی دەبێت مێشکی کاس بکات، دەتوانێت بوون، ناسنامە، کولتور و مێژووی بخاتە بەردەم ئەگەری نەفرەتی و هەڵگێڕانەوەوە، تەنها لەپێناوی دانپێدانان و قبوڵکردنی لەلایەن ئەویدی ستەمکارەوە، ستەمکارێک مێژوویەکی دوورودرێژ بە پلان کاری لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی، سایکۆلۆژی و پەروەردەیی کردووە. ئاخر ئەگەر خودنەفرەتی و ئەو ترسە دەروونییە نەبێت، کە پەروەردە و کولتوری داگیرکەر لە ئاگایی مرۆڤی کوردیدا چاندوویەتی، دەبێ ئەوە چی بێت کوردێک لەژێر ناونیشانی ڕاستکردنەوەی مێژوودا، مێژوو و ناسنامەی کەسایەتییە گەورەکانی مێژووی نوێی ئێمە بشێوێنێت، سەرەنجام بگاتە ئەو بڕوایەی، شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری کورد نییە و عەرەبی هاشمییە، غوڵامی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بووە و ئینگلیز و ئەمریکاییەکان بۆ قازانجی خۆیان بەکاریانهێناوە. هەڵگێڕانەوەی زانیاری و ڕاستی مێژوویی، یان سەندنەوەی ناسنامە، لەوەش خراپتر داتاشین و دروستکردنی ناسنامەی نوێ بەگوێرەی خواستی دەروونی و گرێی خۆبەکەمزانی بۆ مرۆڤێکی ئاساییش کارێکی ئاسان نییە، چجای بۆ سەرکردەیەکی گەورەی وەک شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، یان بۆ سەرەوژێرکردنی ڕاستییە مێژووییەکانی ڕۆژنامەی کوردستان. لە بەشەکانی دواتردا زیاتر لەوبارەیەوە قسە دەکەین.
فانون بڕوای وابوو، ڕزگاری ڕاستەقینە بە تەنها گرێدراوی شۆڕش نییە، بەڵکو کارکردنی گەلێک زیاتری پێویست دەبێت، ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت: ڕزگاری ڕاستەقینە، ڕزگاربوونە لە میراتی کۆلۆنیالیزم. ئەم ڕستەیە بۆ تەواوی مرۆڤە داگیرکراوەکانی دونیا و ئێمەی کوردیش ڕاست دەردەچێت. مرۆڤ دەتوانێت شۆڕش بکات، دەتوانێت دژ بە ستەم و داگیرکاری ڕاپەڕین بەرپابکات، دەتوانێت بنووسێت، لە زانکۆکان وانە بڵێتەوە، گوتار بدات و لە مینبەرەکانی ماڵی خوداوە هاوار بکات، بەڵام هەمیشە ئەوە مانای ڕزگاری ڕاستەقینەی مرۆڤەکان و دەرچوون لە گرێی خۆبەکەمزانی ناگەیەنێت، مانای ئەوە نییە مرۆڤ کاتێک شۆڕش دەکات، ئیدی دوای شۆڕش لە هەموو ئەو دۆخە پەروەردەیی و سایکۆلۆژییە ڕزگاری دەبێت، کە پێشتر داگیرکەر بەشێوەیەکی پلان بۆداڕێژراو و سیستماتیک کاری لەسەر کردووە.
مرۆڤی خودنەفرەت، کەسێکە دووچاری نەخۆشی دەروونی بووە، مرۆڤێکە لەوە بچووکترە خەون بە بەرزبوونەوە بۆ ئاستی کولتوری داگیرکەرەوە ببینێت، ئەو لەبری گەڕان بەدوای ناسنامە و بوونی خۆیدا، بەشێوەیەکی نەرێنی و نەفرەتکردن لە بوونی خۆی، بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت چۆن لەپێناوی قبوڵکردنی لەلایەن ئەویدی سەردەست و کولتوری باڵای داگیرکەرەوە دانی پێدابنرێت، واتە خۆبەکەمزانی خزاندوویەتییە نێو دۆخێکی دەروونی وەها، ئیرادە و توانای بینینی خۆی وەک مرۆڤێکی ئازاد، کەسێکی خاوەن ناسنامە، کولتور و مێژووی جیاواز و تایبەتی خۆی لێسەندووەتەوە. ئەوەی فانون وەک پزیشکێکی دەروونناس و شۆڕشگێڕێکی ڕەش پێست لە دۆخی جەزائیردا باسی دەکات، تەنها دونیابینی کۆلۆنیالیزم و کەسی داگیرکەر نییە بۆ ئەویدی ڕەش پێست و مرۆڤی داگیرکراو، بەڵکو ئەو دۆخە کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژییەشە، کە مرۆڤی داگیرکراو بەرەو حاڵەتی ڕقلێبوونەوە لە خۆی دەبات و ئامادەیە لەپێناوی قبوڵکردنی لەلایەن ئەویدی داگیرکەرەوە لەو دیدگایەوە سەیری خۆی بکات، کە کەسی داگیرکەر دەیبینێت، وێنەی خۆی بەوجۆرە بکێشێت، کە داگیرکەر بۆی کێشاوە. ئەوەی لە دۆخی هەوڵدان بۆ گۆڕینی ناسنامەی کەسایەتییەکی گەورەی وەک شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و هەندێک حاڵەتی دیکەیش لە چەواشەکردنی مێژووی ئێمەدا کاری لەسەر کراوە جگە لە گرێی دەروونی خۆ بەبچووک بینین، جگە لە خۆبەکەمزانی لە بەرامبەر ئەویدیکەی داگیرکەر و مرۆڤی باڵادا، هیچی دیکە نییە. هەموومان دەتوانین ڕووداو تۆمار بکەین، مێژوو بنووسینەوە، بەڵام نووسینەوە و گێڕانەوەی حیکایەتەکانی مێژوو، نە مانای تێگەیشتن لە مێژوو دەدات، نە مانای ڕزگاربوون لە کولتور و سیستمی پەروەردە و کۆنتڕۆڵی داگیرکەر دەگەیەنێت.
مێژووی پیرۆز بوونی نییە، هەر ڕووداوێک، هەر کەسایەتییەک و هەر بابەتێک بەرگی پیرۆزی بەبەرداکرا، خەسڵەتی مێژوویی و زانستی خۆی لەدەستدەدات، لەوێدا مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ مێژوودا ناکات، بەڵکو دۆخەکە دەگۆڕێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوی دەرەمێژوو، کەسایەتی نامێژوویی، دەقی نەگۆڕ و تەقدیس و پیرۆزی. ڕووداوی مێژوویی، کەسایەتییەکانی نێو مێژوو، کۆی شۆڕش و ڕاپەڕین و پەیوەندییەکان، قابیلی ئەوەن بەگومانەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بخرێنە بەردەم هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی بابەتی جیاوازەوە، ڕەخنە بکرێن و بەگوێرەی دەستکەوتنی زانیاری تازە، خوێندنەوەی نوێ، بەڵگەنامەی شاراوە و باوەڕپێکراو، دووبارە ڕاڤە بکرێنەوە و بنووسرێنەوە، بەڵام هەموو ئەمانە پێویستیان بە ئازادبوونی مرۆڤ لە کولتوری داگیرکەر، بوونی مەعریفەی مێژوویی و وردبوونەوە لەنێو زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان دەبێت. کاتێک مرۆڤ لە دەرەوەی ئەم پێداویستییە زانستی و میتۆدییانە، دەخوازێت بەدەستی خاڵییەوە بە ناوی دۆزینەوەی نوێ و خوێندنەوەی تازەوە، وشە و ڕستەی دڵخوازی خۆی بهۆنێتەوە، ڕێک لەو یاریزانە دەچێت لەنێو یاریگایەکی بێ تۆپدا خواستی گۆڵکردنی هەبێت. ئاخر مێژوو چەند ڕەگەزێکی گرنگی نووسینەوە و دروستکردنی ناسنامەی نەتەوەیی، ئیرادە و هێزە بۆ مرۆڤ، هێندەش ئامرازی هەڵوەشاندن و شێواندن و چەواشەکارییە. مەعریفەی بچووک دەتوانێت قسە لە ڕووداوی مێژوویی بکات، بەڵام توانای ڕاڤەکردنی ڕووداوی گەورە و دۆزینەوەی مێژوویی نابێت، مەترسییەکانی خودنەفرەتی لێرەوە دێن، بە ئاگا یان بێ ئاگا دەمانباتەوە ژێر سێبەری هەمان ئەو ڕەشماڵەی، هەوڵدەدات بە تێز و میتۆدی نەزۆک، کورد لە خودی خۆی نامۆ بکات، وەک جنۆکە و مرۆڤی نەفرەتلێکراوی نێو مێژوو پێناسەی بکات.
بەشی یەکەم
سەرچاوەکان:
١. فرانز فانون، معذبو الأرض، ت:د.سامي الدروبي ود.جمال الاتاسي، ط٢، مدارات للأبحاث
والنشر، القاهرة، ٢٠١٥.
٢. فرانز
فانون، بشرة سوداء أقنعة بيضاء، ت: خليل أحمد خليل، ط١، دار الفارابي،
بيروت، ٢٠٠٤.
٣. ديفيد كوت، فرانز
فانون، سيرته الفكرية، ت: عدنان كيالي، تقديم: د.فوزي سليسلي، ط١، مدارات للأبحاث
والنشر، القاهرة، ٢٠١٧.
٤. د.مصطفي حجازي،، التخلف الاجتماعي، مدخل الی سيكولوجية
الانسان المقهور، ط٩، المركز الثقافي العربی، بيروت، ٢٠٠٥.
٥. پەیجی کتێبی
نامووس، ڤیدیۆکانی ڕۆژانی ١٧، ١٨، ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، سەبارەت بە حوسێن حوزنی
موکریانی، ڕۆژنامەی کوردستان، شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری.
تێبینی: پەراوێزو
ژمارەی لاپەڕەکانی ئەم سەرچاوانەی بەکارهێنراون، لای نوسەر پارێزراون.