لەئیسرائیل ئامادەكاری بۆ جەنگ دەستیپێكرد

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 549 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

واشنتن هاووڵاتیانی خۆی لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگاداردەكاتەوە و لە ئیسرائیلیش پەناگەكان كرانەوە و ئامادەكاری بۆ جەنگ دەكرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، "پێویستە ئەمریكییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەبن بۆ ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان و داخستنی ئاسمانی ناوچەكە".

هاوكات دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، دوای نیوەڕۆی سبەی هەینی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كۆبوونەوەیەكی ئەمنی ئەنجام دەدات، بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتە ئەمنییەكان لەئەگەری هەڵكشانی گرژییەكان لەگەڵ ئێران.

 هەروەها ئاماژە بەوە كراوە كە هەندێك لە شارەوانییەكان فەرمانی كردنەوەی پەناگەكانیان دەركردووە لە پێشبینی ئەگەری دەستپێكردنەوەی شەڕ و پێكدادانەكان.

كۆبوونەوەكە دوای وتەكانی موشێ سعادە ئەندامی كنێست لە پارتی لیكود دێت، كە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی 14 ڕایگەیاند، ڕەنگە بەم نزیكانە ئیسرائیل هێرش بكاتە سەر ئێران، ڕەنگە تەنانەت لەكۆتایی ئەم هەفتەیەشدا بێت.

سەرچاوەكانی ناو حیزبی لیكود خێرا گرنگیی وتەكانی سعادەیان كەمكردەوە و جەختیان لەوە كردەوە كە سعادە لەنێو ئەو بەرپرسانەدا نییە كە ئاگادارن لە وردەكارییەكانی پرسی ئێران.

 میدیاكانی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە ڕایانگەیاندووە، ئەو ئەندامەی كنێست "هیچ زانیارییەكی نییە سەبارەت بەوەی چی ڕوودەدات".