شارپرێس:
ململانێو گرژییەکانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای دیالە پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە، دوای ئەوەی سەرۆکی ئەنجومەنەکە بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەدژی دەریا خەیروڵڵا ئەرکەوازی تاکە ئەندامی کورد لەئەنجومەنەکە دەرکرد.
ئەم کێشەیە دوای ئەوە سەریهەڵدا کە دەریا ئەرکەوازی لەپۆستێکی فەیسبوکدا ڕەخنەی توندی لەئەدای ئەنجومەنەکە گرتبوو نوسیبوى، ڕێگرییان لێدەکرێت لەبەدواداچونی سەرپێچییەکان.
ناوبراو هەندێک لەئەندامانی ئەنجومەنەکەشی تۆمەتبارکردبوو بەوەی، "ستایشی سەرپێچیکاران دەکەنو بەرگرییان لێدەکەن"، هاوکات داوای لەسەرۆکی پەرلەمانی عێراق کردبوو کە ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵبوەشێنێتەوە.
لەبەرامبەر ئەم لێدوانانەدا، عومەر مەعن کروی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، بڕیاریدا لیژنەیەکی دیسپلینیو ڕەفتاریی بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو ئەندامە کوردە پێکبهێنێت.
لای خۆشییەوە، دەریا ئەرکەوازی وهڵامى بڕیارەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی داوهتهوهو ڕایگەیاندوه، "بهگوێرهى یاسای پارێزگاکانو پەیڕەوی ناوخۆ، هیچ بڕگەیەک نییە دەسەڵات بداتە ئەنجومەن بۆ پێکهێنانی لیژنەی دیسپلینی دژی ئەندامەکانی".
جەختیشیکردەوە، لەسەر بەڵێنی خۆیان بەردەوامدەبن لەچاودێریکردن، ئاشکراکردنی دۆسیەکانی گەندەڵیو پاراستنی سامانی گشتیی کە سوێندی یاساییان بۆ خواردوە.
