عێراق بۆ سعودیەو ئەمریکا: هیچ هێرشێك له‌خاكى ئێمه‌وه‌ نه‌كراوه‌ته‌سه‌ر سعودیه‌

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2841 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سوپای عێراق بەفەرمی تێوەگلانی خاکی وڵاتەکەی لەهێرشەکانی سەر عەرەبستانی سعودی ڕەتدەکاتەوەو بەتوندی وەڵامی تۆمەتەکانی ڕیازو واشنتۆن دەداتەوە؛ وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیش ڕایدەگەیەنێت، هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەر لەلایەن چاودێران‌و لایەنە نێودەوڵەتییەکانەوە پێشکەشنەکراوەو بەغداش ڕێگە بەچاوپۆشیکردن لەچەکدارانی دەرەوەی یاساو هیچ پێشێلکارییەکی بیانی نادات.


سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەختیکردەوە، هیچ بەڵگەیەک نییە پیشانی بدات هێرشەکان لەخاکی عێراقەوە (بۆسەر عەرەبستانی سعودی) ئەنجامدرابێت.

داواشیکرد، "بەڵگەو سەلمێندراوەکان پێشکەشبکرێن سەبارەت بەو بانگەشانەی دەڵێن هێرشەکان لەناوخۆی عێراقەوە بون".

جەختیشیکردەوە، "حکومەتی عێراق ڕێگە بەهیچ جۆرە ڕەفتارێکی تاکەکەسی لەناوخۆوە نادات، لەهەمانکاتیشدا هیچ پێشێلکارییەکیش کە لەدەرەوەی سنورەکانەوە بێت قبوڵناکات".

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "دامەزراوە ئەمنییەکان لەئێستادا خەریکی ئامادەکردنی پلانێکی ئەمنی گشتگیرن بۆ ڕێگریکردن لەدوبارەبونەوەی هێرشەکان‌و پاراستنی سەروەری تەواوی عێراق، سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانیش بۆ لاى حەشدی شەعبی دەیسەلمێنێت کە ئەوان بەشێکی ڕەسەنن لەسیستمی بەرگریی".

به‌وته‌ى سه‌باح نوعمان، "تەنها هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەرپرسن لەپاراستنی سەروەریی‌و سنوردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراقیش بەتەنها بەرپرسن لەدۆسیەی ئەمنی‌و ڕێگە بەبونی هیچ چەکێک لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت نادەین".

ڕونیشیکردەوە، "سەردانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ بارەگای دەستەی حەشدی شەعبی، دەیسەلمێنێت کە حەشد بەشێکی ڕەسەنە لەسیستمی بەرگریی نیشتمانی".

پێشتر فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەردانی بارەگای دەستەی حەشدی شەعبی کردبوو، تێیدا ڕێنماییدابوو بۆ ڕێزلێنان لەشەهیدان‌و چاودێریکردنی برینداران‌و جەختی لەبەردەوامی پشتگیریکردنی کارمەندانی دەستەکە کردبوەوە.

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی ڕاشیگەیاندبوو، حکومەتی عێراق داوای پێشکەشکردنی بەڵگەی کردوە سەبارەت بەو ده‌نگۆیانه‌ى دەڵێن، هێرشەکان لەخاکی عێراقەوە بون، بەڵام هیچ لایەنێک بەڵگەیەکی بۆ سەلماندنی ئەو دەنگۆیانە پێشکەشنەکردوە.