شارپرێس:
تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن) لەزاری بەرپرسێکی سعودیەوە بڵاویکردەوە، سعودیە ئامادەکاری دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی هەماهەنگیکراوی گروپە چەکدارە عێراقییەکان و حوسییەکان، کە پێشبینی دەکرێت دامەزراوەکانی وزە، بەندەر و فڕۆکەخانەکان بکەنە ئامانج.
ئەو بەرپرسە سعودیە باسی لەوەکردوە، ڕیاز چەندین کۆبونەوەی لە نێوان گروپە عێراقییەکان، حوسییەکان و ئەندامانی سوپای پاسداران ئاشکرا کردوە، هاوکات جوڵەی درۆن و موشەکەکانیشیان تێبینی کردوە.
ئەوەشیخستەڕوو، سعودیە هەموو ڕێکارێکی پێویست بۆ وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەک دەگرێتەبەر و بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، کەمێک لەمەوبەر هادی عامری، ئەمینداری گشتی رێکخراوی بەدر لەپەیامێکدا بۆ گروپە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد،" لەپێناو بەرژەوەندی باڵای عێراق، داوا لە هەموو گیانفیداکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی دەکەم کاردانەوەکانیان بۆ وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەکەی سعودیە – ئەمریکا دوابخەن، کە تێیدا عێراق کرایە ئامانج ".