شارپرێس:
وابڕیارە ئەمرۆ هەینی لەشاری جەددەی سعودیە
کۆبونەوەیەکی سێ قۆڵیی لە نێوان محەمەد بن
سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و محەمەد
شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان بەڕێوەبجێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، سەرۆکی ئەو وڵاتە سەردانێکی کاری یەک ڕۆژە بۆ عەرەبستانی
سعودیە ئەنجامدەدات و لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا لەگەڵ شازادە محەمەد بن سەلمان و
محەمەد شەهباز شەریف کۆدەبێتەوە.
لای خۆشیەوە، سەرۆک وەزیرانی پاکستان ئێوارەی پێنجشەممە گەیشتە
شاری جەددە بۆ سەردانێکی فەرمی سێ ڕۆژە، بە هاوڕێیەتی شاندێکی باڵا کە پێکهاتووە لە
جێگری سەرۆک وەزیران و محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوە و عاسف منیر فەرماندەی سوپا و چەندین وەزیری دیکە.
تایبەت بەم سەردانە، تاهیر ئەندڕابی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاندوە، هەرچەندە ئەم سەردانە لە سایەی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی
ناوچەی کەنداو ئەنجامدەدرێت، بەڵام مانا و ئامانجی زۆر لە قەیرانی ئێستا و تێڕوانینە
کورتخایەنەکان گەورەترە.
لە لایەکی ترەوە، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە ڕاگەیەندراوێکدا
ئاماژەی بەوە کردوە کە بەشێکی سەرەکی گفتوگۆکان چڕدەبنەوە سەر بەهێزکردنی پەیوەندییە
دوقۆڵییەکان و ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەربارەی دواهەمین پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی