ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی شوێنی لاریجانی بۆ ئیسرائیل ئاشکراکرد

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3637 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەرلەمانتارێکی ئێران گێڕانەوەیەکی نوێی سەبارەت بە چۆنیەتی کوژرانی عەلی لاریجانی، ئەمینداری پێشوی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، بڵاو کردۆتەوە و بانگەشەی ئەوەی کردوە کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەلایەن کوڕەکەیەوە ڕەنگە شوێنی ئەوی بۆ ئیسرائیل ئاشکرا کردبێت.

ئیسماعیل کوسەری، پەرلەمانتاری ئێرانی، باسی لەوەکردوە کە مورتەزا لاریجانی، کوڕی عەلی لاریجانی، لە شەوی هێرشەکەدا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامداوە. بەوتەی ئەو، ئەم پەیوەندییە دەکرێت وای کردبێت شوێنی مانەوەی لاریجانی دیاری بکرێت و دوای ئەوە هێرشێکی ئاسمانیی بکرێتە سەر شوێنەکەی.

عەلی لاریجانی و کوڕەکەی، لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێ و پاسەوانەکانیان، لە هێرشێکی ئیسرائیلی لە ڕێکەوتی 16ی ئاداری 2026 لە ناوچەیەکی دەوروبەری تاران گیانیان لەدەستدا.

کوژرانی لاریجانی، کە یەکێک بوو لە کەسایەتییە کاریگەرە سیاسیی و ئەمنییەکانی ئێران، بۆچون و نیگەرانییە زۆری لە ناوخۆی ئێران و لە ئاستی ناوچەیی دروست کرد.

هاوکات، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران گێڕانەوەکەی کوسەریی ڕەتکردۆتەوە و ڕایگەیاندووە کە لە لێکۆڵینەوەکاندا هیچ بەڵگەیەکی پشتڕاستکراوە نەدۆزراوەتەوە کە نیشانی بدات شوێنی لاریجانی بەهۆی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە ئاشکرا کراوە.

خێزانی لاریجانییش ئەم بانگەشەیەیان ڕەتکردۆتەوە و جەختیان کردۆتەوە کە نابێت ئەم گێڕانەوەیە وەک ڕاستییەکی کۆتایی پەسەند بکرێت، تاوەکو لێکۆڵینەوەی فەرمیی تەواو دەبێت.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی