لەعەربەت ئەسپێک بەسەربڕاوی لەشەقامێکی گشتیدا دۆزرایەوە

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 490 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەنزیک شەقامی گشتیی تانجەرۆی سەربە ناحیەی عەربەت ئەسپێک بە سەربڕدراوی دۆزرایەوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانیش دەڵێت،" بەدواداچونمان لەسەر ئەو روداوە دەستپێکرد ".


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆی ڕوداوێکی نەخوازراو بڵاوبوەوە ، کە تێیدا ئەسپێک بە سەربڕدراوی لە نزیک شەقامی گشتیی تانجەرۆی سەربە ناحیەی عەربەت فڕێدرابوو، دەستبەجێ بەدواداچوونمان دەستپێکرد  ".

ئەوەشیخستەڕوو،" دوای ئاگادارکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیمان، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت بەدواداچونی وردیان دەستپێکرد، و لەسەر ڕۆشنایی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی شارەزور پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کرایەوە ".

پۆلیسی دارستان راشیدەگەیەنێت،" لێکۆڵینەوەی ورد بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباری سەرەکیی ئەم ڕووداوە و ئاشکراکردنی هۆکاری سەربڕینی ئەسپەکە و فڕێدانی لە شوێنی گشتیدا، ڕێکاری توندی یاساییش بەرامبەر هەر کەسێک دەگیرێتە بەر، کە بێبەزەییانە بەرامبەر ئاژەڵان ڕەفتار بکات، یان ژینگە و تەندروستیی گشتی بخاتە مەترسییەوە ".