شارپرێس:
پۆلیسی ئەڵمانیا هونەرمەندو چالاکوانی کورد (نەشوان هەرکی)یان دەستگیرکردو بەپاساوی ئەنجامدانی چالاکیی کولتورییو سیاسیی، بەزۆرەملێ ڕەوانەی عێراق کرایەوە، ئەو بڕیارە تەنها یەک ڕۆژ پێش وادەی چاوپێکەوتنی فەرمیی بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی پەنابەرییەکەی جێبەجێکراوە.
نەشوان هەرکی کە بەڕەچەڵەک خەڵکی پارێزگای دهۆکە، ماوەی 11 ساڵ بوو لەشاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا نیشتەجێبوو، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە پەنای بۆ ئەو وڵاتە بردبوو، ناوبراو لەناوەندە کولتورییەکاندا وەک هونەرمەندێک ناسرابوو لەزۆربەی ئاهەنگەکانی نەورۆزو بۆنە نەتەوەییەکانی کورد لەئەڵمانیا بەشدارییەکی کارای هەبوو.
ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا بەپاساوی ئەوەی "چالاکیی سیاسی" ئەنجامدەدات، مۆڵەتی نیشتەجێبونیان لێسەندەوەو تەنها مۆڵەتێکی مانەوەی کاتییان پێدابوو، هەرچەندە مۆڵەتە کاتییەکەی هێشتا بەسەرنەچوبوو، بەڵام پۆلیس دەستگیریکردو ڕێگەی نەدا بگاتە کۆبونەوەی لیژنەی حاڵەتە سەختەکان (Härtefallkommission) کە بڕیاربوو ئهمڕۆ بۆ تاووتوێکردنی دۆسیەکەی بەڕێوەبچێت.
پارێزەرو کەسوکاری نەشوان هەرکی ڕایانگەیاندوە، پۆلیس هیچ زانیارییەکی پێنەداونو بۆ ماوەیەکی زۆر شوێنی دەستبەسەرکردنی نادیار بوە، ئەم شێوازە لەمامەڵەکردنو ئاگادارنەکردنەوەی پارێزەرەکەی، گومانێکی زۆری لەسەر یاساییبونی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەکە دروستکردوەو نیگەرانیی لای ڕەوەندی کوردی لەئەڵمانیا لێکەوتوەتەوە.
جگه لهباسى تێكهڵبونی ئهم هونهرمهنده بهدونیاى سیاسهت، بهڵام هیچ زانیارییهكى دیكه لهبارهى ژیانى سیاسییو پهیوهستبونه سیاسییهكانیهوه لهلایهن ئهڵمانیاوه ئاشكرانهكراوه.
