سوپای سوریا دەرگا بەڕوی شەڕڤانانی ژن دادەخات‌و ناوخۆش به‌مه‌رج وه‌ریانده‌گرێت

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2787 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ساڵانێک لەشەڕی دژی داعش، چارەنوسی زیاتر لە 1500 شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) بەرەو نادیاری دەچێت، ئەمەش دوای ئەوەی پێشنیازیان بۆ چونە ناو ڕیزەکانی سوپای سوریا وەک هێزێکی سەربەخۆ، لەلایەن حکومەتەوە ڕەتکرایەوە، زۆربەی سەرکردەو ئەندامانی پێشوی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەستیانکردوە بەگواستنەوە بۆ ناو وەزارەتی بەرگریی سوریا، فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی ژن-یش ئاشکرایده‌كات، سوپا ئامادەنییە بەشێوەی یەکەی سەربەخۆ وەریانبگرێت.


کۆبونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع
نەورۆز ئەحمەد فەرماندەی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، "هەفتەی ڕابردوو لەدیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا کۆبوەتەوە، پێى وتین شەڕڤانانی ئێمە شوێنیان لەناو سوپادا نابێتەوە".

بەوتەی نەورۆز، یەپەژە پێشنیازیکردبوو کە وەک "لیوا یان فەوجێکی سەربەخۆی ژنان" بچنە ناو دامەزراوەی سەربازییەوە، بەپشتبەستن بەو ئەزمونە گەورەیەی لەشەڕی دژی داعشدا بەدەستیانهێناوە، بەڵام مەرجی سەرەکییان ئەوەبوە کە وەک هێزێکی ڕێکخراو بمێننەوەو بەسەر یەکە بچوکەکاندا دابەشنەکرێن، کەچی ئەم داواکارییە ڕەتکراوەتەوە.

وەزارەتی ناوخۆ؛ وەک ڕێگەیەکی جێگرەوە
دوای داخرانی دەرگاکانی سوپا، شەڕڤانانی ژن ئێستا هەوڵدەدەن لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە شوێنێک بۆ خۆیان بدۆزنەوە، بەتایبەت لەناو "هێزەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان"، لەوبارەیەوە، نورەدین بابا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سوریا بەمیدیاکانی ڕاگەیاندوە، شەڕڤانانی ژن لەناو وەزارەتەکەیان "بەخێرهاتنیان لێدەکرێت"، بەڵام ئاماژەی بەوەشکردوە، هێزەکانی سەر بەوەزارەت دەبێت لەهەموو ناوچەکانی سوریا بڵاوببنەوەو تەنها لەناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراو نامێننەوە؛ ئەمەش ڕەنگە جارێکی دیكه‌ ببێتە بەربەست لەبەردەم مەرجی یەپەژە کە نایانەوێت هێزەکەیان لێک هەڵبوەشێنرێتەوە.

دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان لەمەترسیدان
ئەم گۆڕانکارییانە دوای هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی هەسەدەو دەستبەکاربونی مەزڵوم عەبدی وەک ڕاوێژکاری ئەحمەد شەرع دێت. لەکاتێکدا سوپای نوێی سوریا لەئێستادا ژنانی تێدانییە، زیاتر لە 1500 شەڕڤانی ژن کە سیمبولی شەڕی دژی داعش بون، لەدەرەوەی ڕێککەوتنەکان ماونەتەوە.

بۆ زۆربەی ئەم شەڕڤانانە، بابەتەکە تەنها کارێکی سەربازی نییە، بەڵکو پاراستنی ئەو دەستکەوتە کۆمەڵایەتییانەیە کە ژنان لەناوچە کوردییەکاندا بەدەستیانهێناوە، گۆکسو جیاکەر کە شەڕڤانێکی تەمەن 20 ساڵە، وتویه‌تى، "ئەوان هەمیشە وەک بێهێز سەیری ژن دەکەن، بەڵام ئێمە هێزی خۆمان لەپیاوان یان لەدەوڵەت وەرناگرین‌و پێداگرین لەسەر پاراستنی تایبەتمەندی خۆمان".