شارپرێس:
لێدوانەکانی هادی عامری ئهمیندارى گشتیی ڕێکخراوی بەدر، سەبارەت بەخۆپیشاندانەکانی
تشرین، جارێکی دیكه دۆسیەی لێپرسینەوە لەبەرپرسانی کوشتنی خۆپیشاندەرانی هێنایەوە
پێشەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پێشکەشکردنی سکاڵای یاساییو داواکاریی ناوەندە مافییەکان
بۆ کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ، لەبەرامبەریشدا سەرکردەیەک لەڕێکخراوی بەدر دەڵێت،
"قسەکانی عامری بەهەڵە تێگەیشتنی بۆکراوەو بۆ ململانێی سیاسیی بەکارهێنراوە".
داواکاری بۆ ئاشکراکردنی فەرماندەرانی تەقەکردن
عەلی دەهامات چالاکوانی مەدەنی ڕایگەیاندوە، ئەو پرسەی هێشتا بێوەڵام
ماوەتەوە، ناسنامەی ئەو لایەنەیە کە فەرمانی تەقەکردنی لەخۆپیشاندەران دەرکردوە،
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو لایەنانەی کوشتنەکەیان ئەنجامداوە ناسراون، بەڵام پێویستە لێپرسینەوە
تەنها جێبەجێکارەکان نەگرێتەوە، بەڵکو ئەوانەش بگرێتەوە کە فەرمانیانداوە.
دەهامات ڕەخنەشی لەبەکارهێنانی دەستەواژەی (مقاوهمه) لەلایەن عامرییەوە
گرتو پرسیاریکرد وتى، "چ پاساوێک هەیە بۆ بەرگریکردن لەبەرژەوەندیی وڵاتانی
دیکە لەژێر ناوی مقاوهمهى عێراقى؟.
وەڵامی ڕێکخراوی بەدر
لەبەرامبەردا، ئەبو میساق مەساری سەرکردە لەڕێکخراوی بەدر دەڵێت،
"هەڵوێستی عامریو ڕێکخراوەکەی بەرامبەر تشرین، تەنها لەیەک وێنەدا کورتنابێتەوە.
جەختیشیکردەوە، تشرین وەک خۆپیشاندانێكى جهماوهریى بۆ داواکاریی ڕەوا
دەستیپێکردو مەرجەعیەتی ئایینیو لایەنە سیاسییەکانیش پاڵپشتییان کرد، بەڵام دواتر
هەندێک ڕوداو ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانیان بەرەو فیتنە برد.
مەساری ئاماژەی بەو ڕوداوانە کرد کە تێیدا کەسانێک بەستونی کارەباوە
هەڵواسران یان لەناو ئەمبوڵانسدا لەسێدارەدران، ئەمەش وایکرد هەڵسەنگاندنیان بۆ ناڕەزایەتییەکان
بگۆڕێت، وتیشی، "قسەکانی عامری بۆ مەرامی سیاسیی شێوێندراون، لەکاتێکدا ئەو پێشتر
چەندینجار داوای لێخۆشبونی بۆ قوربانیانی تشرین کردوە".
جوڵەی یاساییو داواکاری نێودەوڵەتی
لەلایەکی دیکەوە، حازم مازن بەدری پارێزەر، سکاڵایەکی یاسایی ئاراستەی
سەرۆکی داواکاری گشتیی لەپارێزگای واست کردوەو داوایکردوە لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە لەلێدوانەکانی
عامری بکرێت، ئەو پارێزەرە پێیوایە، وەسفکردنی خۆپیشاندانەکان بەفیتنەو ستایشکردنی
ڕۆڵی گروپە چەکدارەکان لەبەرەنگاربونەوەیاندا، پێویستی بەبانگهێشتکردنی عامریو وەرگرتنی
وتەکانی هەیە لەبەردەم دادگا.
هاوکات، عەلی عەبادی سەرۆکی ناوەندی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ، داوای لێکۆڵینەوەیەکی
"جدیو شەفاف"ی کرد بۆ ئاشکراکردنی بکوژانی خۆپیشاندەران، دور لەکاریگەریی
سیاسییو حزبی.
عەبادی داوای لەنەتەوەیەکگرتوەکانو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کردوه،
چاودێری ئەم دۆسیەیە بکەن بۆ ئەوەی مافی قوربانیانو خێزانەکانیان نەفەوتێت.
هەروەها عادل خوزاعی جێگری سەرۆکی ناوەندی ڕافیدەین بۆ دادپەروەریی پێیوایە،
ئەم لێدوانانەی عامری دەرفەتێکە بۆ دوبارە پێداچونەوە بەگێڕانەوە فەرمییەکانی ڕوداوەکانی
تشرینو دەبێت دادگا ئەوانە دیاریبکات کە فەرمانی کوشتنیانداوە یان پارێزگارییان لەبکوژان
کردوە.
