شارپرێس:
لەپشتی پەردەی دانوستانەکان بۆ کشانەوەی ئەمریکا، ڕێککەوتنێکی دیكه
لهعێراق هەیە؛ ئهویش ئهوهیه، چەکی میلیشیاکان ڕادەستی دەوڵەت ناکرێن، بەڵکو دەشاردرێنەوە،
چاودێرانیش جهختدهكهنهوه، ئەمە ڕێگەیەکە بۆ سەرهەڵدانەوەی خەفافەکان، ئەو
گروپە نادیارانەی کە ئەرکیان پاکتاوکردنی نەیارەکانە لەژێر سێبەری بێدەنگیدا.
بهگوێرهى ڕاپۆرتێک، دانوستانەکان لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی عێراق بەرەو
جێبەجێکردنی پلانێکی تاران دەچن کە لەبری داماڵینی چەک، بژاردەی کۆگاکردنی چەک پەیڕەو
دەکرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لەبارەی سەرهەڵدانەوەی گروپە سێبەرەکانو
تێکچونی دۆخی ئەمنی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە 30ی ئەیلول زیادیانکردوە.
پلانی تاران؛ چەک لەژێر خاکو سێبەردا
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوەدەكەن، تاران لەڕێگەی فشارو سەردانە
چڕەکانی مانگی ڕابردوی بۆ بەغدا، توانیویەتی لایەنەکان قایل بکات بەوەی چەکەکانیان
بشارنەوە نەک ڕادەستی بکەن، بهگوێرهى ئەو ڕێککەوتنە، گروپە چەکدارەکان دوای 30ی
ئەیلول (کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا) هیچ جوڵەیەکی سەربازیی ئاشکراناکەن، بەڵام
چەکەکانیان وەک خۆی دەمێنێتەوە.
پرسە سەرەکییەکە لێرەدا ئەوەیە: ئەگەر چەک ڕادەستنەکرێتو تەنها
بشاردرێتەوە، گروپە چەکدارەکان چ ڕۆڵێک دەگێڕن؟ زانیارییە ئەمنییەکان باس لەدروستکردنی
گروپى بچوکی "بێ ناو" دەکەن کە هاوشێوەی گروپی (خەفاف یان سێبهرهكان)
دەبن کە لەکاتی خۆپیشاندانەکانی تشرینی 2019دا ڕۆڵیان هەبوو لەكوشتنى چالاکواناندا.
ئەرکی گروپە نوێیەکان: فشارو تیرۆری سیاسیی
ئەم گروپە نوێیانە کە هیچ ناوێکی فەرمییان نابێت، بۆ چەند مەبەستێک بەکاردەهێنرێن،
یهكهمیان فشارخستنەسەر حکومەته بۆ تێپەڕاندنی هەندێک یاسای دیاریکراو، دوهمیش،
دەستوەردان لەهەڵبژاردنەکانو پاڵپشتی لەکەسایەتییە سیاسییەکانی نزیک لەخۆیانو سێیهمیش
هەڕەشەکردن لەوەبەرهێنانە سعودییو ئەمریکییەکانو تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو
هەرێم بەتۆمەتی بونی بنکەی هەواڵگریی بێگانە.
ئەم گروپانە بەشێوەی "ڕێکخستنی جێگرەوە" کاردەکەن، واتە
شانەی بچوکو دابڕاو کە ناسینەوەو شوێنپێهەڵگرتنیان بۆ دەزگا ئەمنییەکان زۆر قورس
دەبێت.
پاداشتی سیاسی لەبەرامبەر "ڕێکخستنی چەک"
لەبەرامبەر ئەم سازشەدا، باس لەپێدانی پاداشتی سیاسیی بەسەرکردەی
گروپە چەکدارەکان دەکرێت، بۆ نمونە؛ پێشبینیدەکرێت قەیس خەزعەلی (عەسائیب) پۆستی جێگری
سەرۆک وەزیران وەربگرێتو شبل ئەلزەیدی (کەتائیبی ئیمام عەلی) پۆستێکی وزاریی پێبدرێت،
ئەوەش وەک پاداشتێک بۆ چونە ناو پرۆسەی ڕێکخستنی چەک".
نیگەرانی لە"فهیگن"و "ساڤیا"
گروپە چەکدارەکان بەگومانەوە سەیری گۆڕانکارییەکانی ناو باڵیۆزخانەی
ئەمریکا دەکەن، گەڕانەوەی (ستیڤن فهیگن) وەک کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکاو دەرکەوتنی
(مارک ساڤایا) لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، وەک ئاماژەیەک دەبینن بۆ ئەوەی واشنتۆن پلانی
توندی بۆ کۆتاییهێنان بەگروپە چەکدارەکانى هەیە.
تورکیا؛ پاساوێکی نوێ بۆ مانەوەی چەک
جگە لەپرسی ئەمریکا، بونی سوپای تورکیا لەباکوری عێراقو ململانێکانی
گەریلا، بوەتە پاساوێکی دیکە بۆ گروپە چەکدارەکان تا چەکەکانیان ڕادەستنەکەن، پسپۆڕان
پێیانوایە، ئەم گروپانە پرسی سەروەریی عێراق بەرامبەر تورکیا وەک بەهانەیەک بۆ هێشتنەوەی
چەکەکانیان بەکاردەهێنن.
ئاشتییەکی کاتیی یان مانۆڕێکی سەربازیی؟
ئیحسان شەمهرى پسپۆڕی سیاسەتە ستراتیژییەکان پێیوایە، ئەم ڕێککەوتنانە
تەنها مانۆڕن، ئەو دەڵێت، "چەکەکان لەشوێنی خۆیان دەمێننەوەو هەر کاتێک
ململانێی ئێرانو ئەمریکا توندبێتەوە، یان بەرژەوەندییە سیاسییەکانی ئەم گروپانە
بکەوێتە مەترسییەوە، چەکەکان دەگەڕێنەوەسەر شەقامو بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان بەکاردەهێنرێن".
عێراق دوای 30ی ئەیلول ناچێتە ناو قۆناغی بێچەکییەوە، بەڵکو تەنها شێوازی
دەرکەوتنی چەکەکان لەئاشکراوە دەگۆڕێت بۆ نهێنىو سێبەرو دروستکردنی گروپە بێناوەکانی
وەک (خەفافەکان ـ واته بکوژە سێبەرەکان کە گروپە چەکدارەکان بۆ تێپەڕاندنی بەرپرسیارێتیی
یاساییو نێودەوڵەتی بەکاریاندەهێنن) بۆ پاراستنی هەژمونی گروپە چەکدارەکان لەژێر
پەردەی جیاوازدا.
