شارپرێس:
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رێنمایی نوێی بۆ خانەنشینیی کرێکارانی کەرتی تایبەت دەرکردو دەڵێت، دەبێت کەمترین موچەی مانگانە 500 هەزار دینار بێت.
بەگوێرەی رێنمایی دارایی ژمارە (6)ی ساڵی 2026 کە بەئیمزای ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان دەرچوە، کەمترین موچەی مانگانەی خانەنشینی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت بەبڕی 500 هەزار دینار دیاریکراوە.
لەرێنماییەکەدا هاوکات مەرجەکانی شایستەبونی کرێکاران بۆ وەرگرتنی ئەو موچەیە، بەگوێرەی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەستنیشانکراون:
تەمەن و خزمەت: پیاو تەمەنی 60 ساڵ و ئافرەت 55 ساڵی تەواو کردبێت، بەمەرجێک لانیکەم 20 ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراویان هەبێت.
پیاو لانیکەم 30 ساڵ و ئافرەت 25 ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراویان هەبێت (بەبێ ڕەچاوکردنی مەرجی تەمەن).
نەخۆشیی پیشەیی: ئەو کرێکارانەی بەڕێژەی 100٪ توشی نەخۆشیی پیشەیی دەبن بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەی پزیشکی.
پێکانی کار: ئەگەر کرێکار لەکاتی کاردا توشی پێکان ببێت و بێتە هۆی پەککەوتنی تەواو یان گیانلەدەستدان.
کۆچی دوایی: ئەگەر کرێکارەکە لەماوەی خزمەتیدا کۆچی دوایی بکات و ناوی لە تۆمارەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەردەوام بێت، خێزان و جێماوەکانی موچەکەی وەردەگرن.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردوە، ئەم ڕێنمایییە لەڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت و لەرۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان) بڵاودەکرێتەوە.
