شارپرێس:
لەنێوان هەڕەشەی یاسای تیرۆرو پیرۆزیی چەکدا، بژاردەیەکی سێیەم بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی چەکی دەرەوەی دەوڵەت دێتە ئاراوە؛ سەرچاوەکان باس لەسڕکردنی چەک دەکەن وەک ڕێگەیەک بۆ ڕێگریکردن لەپێکدادانو هێورکردنەوەی دۆخەکە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەمڕۆ یەکشەممە ئاشکرایکرد، گروپە چەکدارەکان لە 30ی ئەیلولدا چەکەکانیان ڕادەستناکەن، بەڵکو بژاردەیەکی نوێ وەک (بژاردەی دوەم) لەگفتوگۆکاندایە کە بریتییە لە"سڕکردن یان ڕێکخستنی چەک".
سەرچاوەکە کە لەچوارچێوەی هەماهەنگییەوە نزیکە ڕایگەیاندوە، "بژاردەی ئێستا بریتیە لەڕێکخستنی چەک یان سڕکردنی (تهجمید)، ئەمەش دوای ئەوەی گروپەکان ڕادەستکردنی چەکەکانیان لەکاتی دیاریکراودا ڕەتکردەوە"، سەرچاوەکە وردەکاریی زیاتری لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم بژاردەیە ئاشکرانەکردوە.
هەر بهگوێرهى زانیارییەکانی سەرچاوەکە، ڕێککەوتنێکی سەرەتایی هەیە بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەیەک لەدوو ڕۆژی داهاتودا، کۆبونەوەکە لایەنە فەرمییە سەربازییو ئەمنییەکان، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، نوێنەرانی دەستەی حەشدی شەعبیو نوێنەرانی گروپە چەکدارەکان کۆدەکاتەوە.
ئامانجی کۆبونەوەکە تاووتوێکردنی میکانیزمی کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا بەر لەگەیشتنی وادەی 30ی ئەیلول، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم کۆبونەوەیە بەواتای گەیشتن بەڕێککەوتنی کۆتایی نایەت، بەڵکو هەوڵێکە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکەو ڕێگریکردن لەهەر پەرەسەندنێکی ئەمنیو دۆزینەوەی لێکتێگەیشتن.
نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر، چوارچێوەی هەماهەنگی لیژنەیەکی سێ قۆڵیی لە(محەمەد شیاع سودانی، نوری مالیکیو هادی عامری) پێکهێنا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەرەنجامەکانی دۆسیەی کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، دوای ئەوەی دۆخەکە پەرەسەندنی میدیایی بەخۆیەوە بینی.
تائێستا پڕۆسەی کۆکردنەوەی چەک کۆدەنگیی گروپە چەکدارەکانی لەسەرنییە، گروپەکانی وەک (نوجەبا، کەتائیبی حزبوڵڵاو کەتائیبی سەیدولشوهەدا) ڕایانگەیاندوە کە دەستبەرداری توانای سەربازیی خۆیان نابن، ئەم گروپانە چارەنوسی چەکەکانیان بەستوەتەوە بەکشانەوەی تەواوەتی هێزە بیانییەکان لەعێراق.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە "هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت" (کە هێزە سەرەکییەکانی شیعە، سوننەو کورد لەخۆدەگرێت) پێشتر هۆشداریدابوو کە هەر چالاکییەکی چەکداریی لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت دوای 30ی ئەیلول، بهگوێرهى یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
