تره‌مپ داواکارییەکی بن سەلمانی بۆ وەشاندنی گورزى سه‌ربازى دژى حوسیه‌كان ڕه‌تكرده‌وه‌

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2348 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لەزاری دوو بەرپرسی ئەمریکییەوە گواستییەوە، شازادەی جێنشینی سعودیە، دوێنێ پێنجشەممە دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ دۆناڵد تره‌مپ سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامداوەو هانیداوە هێرشبکاتەسەر هێزە چەکدارەکانی یەمەن.


ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردوە، تره‌مپ داواکارییەکەی ڕەتکردوەتەوە، بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاندوە، ئیدارەی ئەمریکا زانیاریی هەواڵگریی‌و داتاکانی تایبەت بەدەستنیشانکردنی ئامانجەکان پێشکەش بەسعودیە دەکات.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردوە، بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندوە، ئیدارەی واشنتۆن لەئێستادا بەنیازی گرتنەبەری هیچ ڕێوشوێنێکی سەربازیی ڕاستەوخۆ نییە دژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن.

سەرچاوە ئاگادارەکان لەگفتوگۆکانەوە ئاشکرایانکردوە، بەرپرسانی سەربازیی‌و مەدەنیی ئەمریکا لەماوەی هەفتەکانی ڕابردودا بەهاوتا سعودییەکانی خۆیانیان وتوه‌، ڕێنماییەکانی تره‌مپ جەخت لەسەر هێشتنەوەی سەرنجی هێزەکانی ئەمریکا دەکەنەوە لەسەر ئێران‌و گەروی هورمز، بۆ ئەوەی دوربکەونەوە لەکردنەوەی بەرەیەکی دیکەی شەڕ.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەبونی نزیکەی 200 سەربازی ئەمریکی لەئێستادا لەسعودیە کردوە بەمەبەستی پێشکەشکردنی پاڵپشتیی ناهێرشبەری (واتە پاڵپشتییەک کە ئۆپەراسیۆنی هێرشبەریی ڕاستەوخۆ لەخۆناگرێت).

به‌گوێره‌ى لێدوانی بەرپرسێکی ئەمریکی "کاری لەپێشینەی واشنتۆن بریتییە لەهێشتنەوەی دەریای سور بەکراوەیی، لەکاتێکدا بەڕێوەبردنی ململانێ فراوانەکە بۆ هاوبەشە هەرێمییەکانی جێدەهێڵێت".

ئەو بەرپرسە جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا سەرنجی لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیەتی - وەک گەرەنتییکردنی ئازادیی گەشتیاریی دەریایی لەدەریای سوردا - هاوکات لەگەڵ پێدانی دەسەڵات بەهاوبەشە هەرێمییەکانمان بۆ گرتنەدەستی دەستپێشخەری لەبەڕێوەبردن‌و چارەسەرکردنی هه‌ڕه‌شه‌ ئەمنییە هەرێمییەکاندا".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "ئێمە لەگفتوگۆیەکی بەردەوامداین لەگەڵ سعودیەو حکومەتی یەمەن سەباره‌ت بەسەقامگیریی ناوچەکە".

ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئاژانسی "سی ئێن ئێن" دوێنێ لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە گواستییەوە کە هێزەکانی ئەمریکا، هاوکاری سعودیە دەکەن لەشەڕەکەیدا دژی یەمەن‌و ئاماژەی بەبونی زیاتر لە 100 ڕاوێژکاری سەربازیی ئەمریکی لەسعودیە کردوە.