شارپرێس:
ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری دوو سەرچاوەی ئێرانییەوە ئاشكرایكردوه، هەفتەی ڕابردوو، تاران داوای لەحوسییەکان کردوە هێرشەکانیان بۆسەر سعودیە كه هاوپەیمانی نزیکی ئەمریکایه چڕتربکەنەوەو بەڵێنی پارەدارکردن، چەکو ئەفسەری باڵای زیاتری پێداون بۆ یارمەتیدانیان لەئەنجامدانی ئەوکارەدا.
لەکاتێکدا ئێران حوسییەکان وەک هاوپەیمانی خۆی وەسفدەکات، بەڵام بەئاشکرا پێشکەشکردنی هەر ڕێنماییەکی سەربازیی پێیان ڕەتدەکاتەوەو دەڵێت ئەوان "بریکاری" ئەو نین.
هەمان ئاژانس لەزاری دیپلۆماتکارێکی ئاگاداری ناوچەکەوە ئاماژهى بهوهداوه، ژمارەیەک لەفەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران لەڕاستیدا گهشتى یەمەنیان کردوە بۆ سەرپەرشتیکردنی هێرشی حوسییەکان کە دژی سعودیەو سەرکردایەتییەکەی ئاڕاستەکراون، ئەمەش دوای چەند هەفتەیەک لەگفتوگۆکردن لەسەر ستراتیژیی سەربازیی.
سەرچاوەی سێیەم بۆ ئاژانسەکە کە بەرپرسێکی ئێرانییە وتویهتى، تاران چەندین کۆبونەوەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا ئەنجامداوە، لەوانەش حوسییەکانو جوڵانەوەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی (مەخا) بڕیارێکی حوسییەکان بوە نەک ئێران، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو بەرپرسە باسى لهوهكردوه، ئەو جوڵەیە لەڕێگەی ئەو فشارەی کە دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوتو زیانگەیاندن بەویلایەتەیەکگرتوەکانو سعودیە، یارمەتی ئێرانیداوە.
بەپشتبەستن بەو زانیارییانەی لەگوێگرتن لەپەیوەندییەکانو گێڕانەوەی دیلەکانی حوسییەکان بەدەستهاتون، سەرچاوە سەربازییەکانی یەمەن ڕایانگەیاندوە، پێیانوایە هەوڵە ئێرانییەکان لەلایەن (عەبدولڕەزا شەهلائی)یەوە سەرپەرشتیدەکرێن کە فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانە.
سەرچاوە ئێرانییەکان نەیانتوانیوە هێشتا ئەمە پشتڕاستبکەنەوە، بەڵام پێشتر شەهلائی کە ئەندامی فەیلەقی قودسە، وەک کەسێک وەسفکراوە کە لەچەند ساڵی ڕابردودا کاتێکی زۆرى لەیەمەن بەسەربردوە.
سەرچاوە ئێرانییەکان ئاماژەیان بەوەداوە، سوپای پاسداران هێشتا دەتوانێت چەکو ئەندامانی خۆی بۆ یەمەنو بەپێچەوانەشەوە بگوازێتەوە، سەرەڕای ئەو گەمارۆ ئاسمانیو دەریاییەی کە بەسەر ناوچەکانی حوسییەکاندا سەپێنراوە، سەرچاوەکان نەچونە ناو وردەکاریی چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەوکارە.
ئەحمەد ناجی توێژەری کاروباری یەمەن لەگروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاندوه، "ئەگەر سەیری هێرشەکەیان بکەین بۆسەر کەناری ڕۆژئاوا، ئەوا شتێک نییە کە تەنها لەهەفتەی ڕابردوو یان مانگی ڕابردودا پلانی بۆ داڕێژرابێت"، کۆنتڕۆڵکردنی مەخای وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لەشەڕەکەدا وەسفکردوه.
وتوشیهتى، "پێشکەوتنی حوسییەکان لەبنەڕەتدا بەهۆی ئەو چەکە نوێیانەوە ڕویداوە کە بەدەستیانهێناوە چ لەڕێگەی ئێرانییەکانەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان لەڕێگەی تۆڕە جیاوازەکانی قاچاخچێتییەوە کە پشتی پێدەبەستن"، بەتایبەتی ئاماژەی بەبەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کرد لەنوێترین هێرشیاندا.
دوو بەرپرسی دیکەی یەمەنی ڕایانگەیاند، حکومەتی یەمەن داوای پاڵپشتی ئاسمانیی زیاترو هاوکاریی دیکەی لەسعودیە کردوە لەگەڵ دەستپێکردنی پێشڕەویی حوسییەکان بەرەو مەخا لەهەفتەی ڕابردودا.
ئەو دوو بەرپرسە ئاماژەیان بەوەکرد، حکومەت هەوڵی دەدا سعودیە هەڵمەتێکی ئاسمانی بکاتەسەر ئامانجەکانی حوسییەکان لەمۆڵگەکانیاندا، لەوانەش سەنعاو شوێنە ستراتیژییە سەرەکییەکانی وەک کۆگاکانی نەوت، بەڵام شانشینی سعودیە تەنها پاڵپشتی لۆجستی، هەواڵگرییو چەکی پێشکەشکرد، لەگەڵ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی سنوردار کە سەرنجیان لەسەر بەرەکانی شەڕ بوو لەباکور لەهەردوو پارێزگای جەوفو مەئریب کە دوو ناوچەن حکومەت بەکەمتر گرنگ سەیریان دەکات.
ئەو دوو بەرپرسە گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی کە سعودیه پەرۆش بوە بۆ دورکەوتنەوە لەگرژبونەوەیەکی زیاترو گەورەتربونى كێشهكانى لەگەڵ حوسییەکان، لەترسی ئەوەی پاڵیان پێوەبنێت هێرشی ئاسمانیی توندتر بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان بکەنەسەر خاکەکەی.
