مەتەڵێکی نوێ لەسەر هەسارەی سور.. ناسا زنجیرەیەک کونی نادیار لەسەر ڕوی مەریخ دەدۆزێتەوە

هەمەڕەنگ

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 300 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەدۆزینەوەیەکی نوێدا کە سەرنجی کۆمەڵگەی زانستیی ڕاکێشاوە، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا (ناسا) ڕایگەیاند، گەڕۆکی "کیوریۆسیتی لە کاتی سەرکەوتنی بەهێواشی بە دۆڵی "ڤالی گراندێ"  لەسەر چیای "شارپ"، زنجیرەیەک کونی هەڵکۆڵراو و نادیاری لەسەر ڕووی بەردەکانی مەریخ تۆمارکردووە.

 
هەرچەندە بوونی کونی بچووک لەسەر هەسارەی سوور بەهۆی بەرکەوتنی بەردەوامی نەیزەکەکانەوە دیاردەیەکی باوە، بەڵام زانایان جەخت دەکەنەوە کە تا ئێستا بەتەواوی نازانن ئەم چاڵە تایبەتانە چۆن پێکهاتوو..

بەپێچەوانەی شوێنەوارەکانی تر، ئەم کونانەی دۆڵی "ڤالی گراندێ" زۆر پانتر و قووڵییان کەمترە، کە بەپێی وتەی پسپۆڕان، هیچ شتێکی هاوشێوەیان لە ڕابردوودا نەبینیوە.

لە هەواڵنامەیەکدا، دکتۆر میشێل مینێتی، جێگری توێژەری سەرەکی ئامێری MAHLI ی تایبەت بە گەڕۆکی کیۆرسیتی ڕایگەیاند: "لەدوای 14 ساڵ لە چالاکیی کیوریۆسیتی، مەریخ هێشتا تووشی سەرسوڕمانمان دەکات. ئەم چاڵانە مەتەڵێکی نوێن بۆ تێگەیشتن لە پرۆسە جیۆلۆجییەکان."

بەپێی شیکارییە سەرەتاییەکان، لەسەر زەوی و مەریخ ئەم جۆرە کونانە ئاسایی کاتێک دروست دەبن کە وردەبەردی ڕەق لەناو چینی بەردی نەرمتردا گیر دەخۆن و دوای داخورانی بەردەکە شوێنەکەیان بە بەتاڵی دەمێنێتەوە. بەڵام ئەندازیارانی ناسا تووشی سەرسوڕمان بوون کاتێک هیچ نیشانەیەکی دیاری ئەم پرۆسە ئاساییەیان لە دەوروبەری کونەکاندا نەدۆزییەوە.

جگە لەم کونانە، کیوریۆسیتی گۆڕانکاریی خێرای لە ڕوخساری چینە بەردینە نزیکەکاندا تۆمارکردووە، لەوانە ناوچەی ڕەقی ڕەنگ خۆڵەمێشی کە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری خێرا لەو مەرجانەی بەر لە 3 ملیار ساڵ لە دەرچەی "گیل"دا هەبوون، ئەو دەرچەیەی کە چیای شارپ بە بەرزی 5.5 کیلومەتر لە ناوەندەکەیدا هەڵکەوتووە.

ناسا ئاماژە بەوە دەکات کە شیکاریی کیمیایی زیاتر کاتی دەوێت تا نهێنییە تەواوەکانی ئەم بەشەی مەریخ ئاشکرا ببن.