موعجیزەی ڕزگاربون لەمەرگ؛ ئەو سەربازە ئەمریکییەی کە 54 ساڵ بەفیشەکێک لەناونچەوانیدا ژیا

ڕاپۆرت

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 767 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەنێوان ساڵانی 1861 تا 1865، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تووشی خوێنواڕترین جەنگی ناوخۆ بووەوە لە مێژووی خۆیدا. لەو شەڕە دەستەویەخە قورسەی نێوان سوپای فیدراڵیی و کۆنفیدراڵییەکاندا، زیاتر لە 600 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.


جەنگی گێتسبێرگ بە خوێناوی ‌ترین شەڕی ئەو ململانێیە دادەنرێت کە تێیدا زیاتر لە 50 هەزار کەس کوژران یان بریندار بوون.

لەو سەردەمەدا بریندارەکان ڕووبەڕووی چارەنووسێکی سەخت دەبوونەوە؛ بەهۆی نەبوونی تەکنەلۆژیای پزیشکیی هاوچەرخ، برینەکان خێرا تووشی نەخۆشیی گەنگەرین  دەبوون و پزیشکەکان ناچار بوون بۆ ڕزگارکردنی گیانی سەربازەکان، دەست و قاچیان ببڕنەوە. بەڵام لە ناو ئەو هەموو کارەساتەدا، سەربازێکی فیدراڵیی بە ناوی جاکۆب میلەر (Jacob C. Miller) بووە یەکێک لە دەگمەنترین ڕزگاربووانی جەنگەکە، کە دوای برینداربوونی سەری بە فیشەک، بە شێوەیەکی موعجیزەئاسا بۆ چەندین دەیە ژیا.

میلەر لە ساڵی 1840 لە شارۆچکەی بێلڤیو  لە ویلایەتی ئۆهایۆ لەدایکبوو، لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگدا پەیوەندیی بە سوپای فیدراڵییەوە کرد و چووە ڕیزی فەوجی 113ی پیادەی خۆبەخشانی ئۆهایۆ. لە نێوان مانگەکانی ئایار تا تەمووزی 1863، بەشداری لە نەبەردی ڤیکسبرگ  کرد؛ ئەو شەڕەی بە سەرکەوتنی فیدڕالییەکان و دابەشکردنی خاکی کۆنفیدراڵییەکان بۆ دوو بەش کۆتایی هات و میلەر تێیدا ئازایەتییەکی گەورەی نیشان دا.

لە 19ی ئەیلوولی هەمان ساڵدا و لە کاتی بەشداریکردنی لە معرکەی شیکاماوگا ، میلەری تەمەن 23 ساڵ تووشی برینێکی کوشندە بوو.

فیشەکێک ڕاستەوخۆ بەر ناوچەوانی کەوت و لە نێوان هەردوو برۆیدا چەقی. بەهۆی توندیی لێدانەکەوە لە هۆش خۆی چوو، هاوڕێکانی بە گومانی ئەوەی دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، لە مەیدانی جەنگەکەدا بەجێیان هێشت و پاشەکشەیان کرد.

دوای بەئاگاهاتنەوەی، میلەر تێگەیشت کە کەوتۆتە پشتی هێڵەکانی دوژمن. بە سەختی و بە نهێنی خۆی گەیاندەوە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی فیدراڵییەکان. کاتێک گەیشتە نەخۆشخانە، پزیشکەکان بە بینینی کونی تەوێڵی تووشی سەرسوڕمان بوون. لە ترسی ئەوەی دەستکارییەکە ببێتە هۆی مەرگی، پزیشکەکان سەرەتا نەیانوێرا نەشتەرگەریی بۆ بڕیار بدەن.

لەکۆتاییدا لە 15ی حوزەیرانی 1864، نەشتەرگەریی بۆ کرا و بەشێکی گەورەی فیشەکەکەیان لە سەری دەرهێنا. بەپێی وتەی پسپۆڕان، فیشەکەکە چەپی تەوێڵی شکاندبوو و لە کەلێنی ناوچەواندا جێگیر ببێت، بێ ئەوەی بەر بەشە هەستیارەکانی مێشک بکەوێت.

میلەر تا کۆتایی تەمەنی کونێک لە ناوچەوانیدا ماوە و بەردەوام بەدەست سەرئێشەی بەهێز و هەلوسەکردنەوە دەی ناڵاند. لە ساڵی 1880 پارچەیەکی بچووکی فیشەکەکە لە برینەکەی هاتە دەرەوە و دوای 31 ساڵی دیکەش، لە ساڵی 1911، پارچەی دووەمیشی لێ کەوت.

جاکۆب میلەر سەرەڕای ئەو برینە سەختەی، تا 13ی کانونی دووەمی 1917 ژیا و لە تەمەنی 76 ساڵیدا لە شاری ئۆماها لە ویلایەتی نەبراسکا کۆچی دوایی کرد.