سعودیە هۆشداری توند دەدات و بەڵێنی تۆڵەكردنەوەیدا

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 452 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەرەبستانی سعودیە بەڵێنیدا بەتوندترین شێوە وەڵامی ئەو زنجیرە هێرشانە بداتەوە کە حوسییەکانی یەمەن کردویانەتە سەر خاکی وڵاتەکەی، كەبەهۆیەوە هەشت سەرباز کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بون.


هاوپەیمانیی عەرەبی بەسەرۆکایەتیی ریاز ڕایگەیاند؛ بەهۆی هێرشێکی موشەکیی حوسییەکانەوە، 13 هاوڵاتیی مەدەنی لەناوچەکانی باشوری سعودیە بریندار بون.

تورکی مالیکی، وتەبێژی فەرمیی هاوپەیمانیی پشتیوانیی شەرعییەت لەیەمەن پشتڕاستی کردەوە، حوسییەکان هێرشیان کردوەتە سەر دامەزراوە مەدەنییەکان لەشارەکانی خەمیس موشەیت، ئەبهاو تائیف، جەختیشی کردەوە، "فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانییەکە بەبەرپرسیارێتی و توندییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەستدرێژییانە دەکات".

لەلایەکی دیکەوە، حوزام ئەسەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حووسییەکان ڕایگەیاند،"وەڵامی یەمەنی بەردەوام دەبێت و پەرە دەسێنێت، تا ئەو کاتەی سیستەمی دوژمنی سعودیە بەردەوام بێت لەدەستدرێژییەکانی بۆ سەر گەلەکەمان".

یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان، ئاماژەی بەوەشدا، تەنها دوێنێ هێرشێکی دەگمەنی درۆنی و موشەکییان بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی مەلیک خالید لەخەمیس موشەیت ئەنجام داوەو لەماوەی 24 کاتژمێریشدا 50 هێرشی ئاسمانییان کردوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە سعودیە 54 هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر پارێزگاکانی تەعز، لەحج، جەوف، مارب و حەججە ئەنجام داوە.