عێراق 13 ملیۆن دۆلاری لەبانکەکانی فەڕەنسا گەڕاندەوە

ئابوری

24/09/2026‌ 363 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سندوقی گەڕاندنەوەی پارەکانی عێراق ئاشکرایکرد، بەهەوڵەكانی سەرۆك وەزیران، توانیویانە بڕی 13 ملیۆن دۆلار لەو پارانەی عێراق کە لەبانکەکانی فەڕەنسا بلۆک کرابون، بگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.


سندوقی گەڕاندنەوەی پارەکانی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، گەڕاندنەوەی ئەم بڕە پارەیە بەبڕیاری دادگاو لەئەنجامی بەدواداچون و هەوڵە بەردەوامەکانی سندوقەکە بوە، بەهاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان.

لەو بارەیەوە محەمەد عەلی لامی، سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی سندوقەکە وتی، پارە گەڕێنراوەکە دوای تەواوبونی ڕێکارە پێویستەکان و هەماهەنگی لەگەڵ بانکی عەرەبی سویسری (Arab Swiss Bank)، خراوەتە سەر هەژمارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق.

سندوقەکە ئاماژەی بەوەش کردوە، ئەم دەستکەوتە ئەنجامی ئەو دیدارو بەدواداچونانەیە کە سەرۆکی سندوقەکە (کە هاوکات سەرۆکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵییە) لەپەراوێزی سەردانەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ فەڕەنسا ئەنجامی داون، ئەمەش لەچوارچێوەی هەوڵە حکومییەکانە بۆ پاراستنی سامانی دەوڵەت و گەڕاندنەوەی مافە داراییەکانی عێراق لەدەرەوەی وڵات.

سندوقی گەڕاندنەوەی پارەکان جەختی کردوەتەوە کە بەردەوام دەبن لەبەدواداچون و هەماهەنگی بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی ئەو پارەو سەروەت و سامانانەی عێراق کە لەدەرەوەی وڵاتن، تاوەکو دەیخەنەوە سەر خەزێنەی گشتی.