وەزارەتی پێشمەرگە: هێزەکانی پێشمەرگە وەک هەمیشە بۆ هەر بارودۆخێکی نەخوازراو ئامادەن

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 335 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ڕۆژی 30ی ئەیلول هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق، بەهەرێمی کوردستانیشەوە دەکشێنەوە، ئەم کشانەوەیە دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و ئەمریکا و هاوپەیمانانە.

وەزارەتەكە لەڕاگەیەندراوەكەیدا دەشڵێت، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان لەعێراق لەکاتێکی هەستیاردایە؛ بەتایبەت کە بارودۆخی ئاسایشی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرەو پێویستی بەهۆشیاری و بڕیاردانی سیاسیی دروست هەیە، چونکە بەردەوامبونی ناسەقامگیریی دۆخی ناوچەکە هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە.

وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بۆ ئەوەش دەدات لەكاتی شەڕی نێوان ئەمریکاو ئێران لەمانگەکانی ڕابردوو ، هەرێمی کوردستان زیاتر لەهەزار جار ڕوبەڕوی هێرشی درۆنی، موشەکی بالیستیک بوەتەوە، کە بەشێکیان لەسەر ناوچە مەدەنییەکان کەوتنە خوارەوە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانە چەندین شەهید و بریندارو زیانی ماددی لێکەوتۆتەوە، 

جەختیش كراەوتەوە، كە جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەمریكاوە لەدۆخێکی وا ئاڵۆزی ناوچەییدا، بەبێ دابینکردنی هیچ سیستەمێکی بەرگری مایەی نیگەرانییەو دەڵێت،  لەهەمان کاتدا ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە دڵنیاین کە ئاسمانی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ئاسمانی حکومەتی فیدڕاڵ، ئەرکی لە پێشینەی حکومەتی فیدڕاڵە کە بەرپرسیارییەتی پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان لەکاتی پێویستیدا لە ئەستۆ بگرێت.

وەزارەتەكە لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەكەيدا، باسی لەوەشكرد، هێزی پێشمەرگە وەک چۆن لەڕابردوو پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستان بوە، لەداهاتوشدا بۆ هەر ئەگەرو پێشهاتێکی نوێ ئامادەیەو دەتوانێ لەگەڵ هەر بارودۆخێکی نەخوازراودا خۆی بگونجێنێ و ڕووبەڕووی مەترسیەکان ببێتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی زۆری ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دەکات و ڕێز لەهاوکاری و پشتیوانیان دەگرێت لەڕابردوودا بەرامبەر هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە پێشکەشیان کردوە.

لەكۆتایی ڕاگەیەندراوەكەشدا نوسیویەتی، وەزارەتی پێشمەرگە وەک بەشێک لەسیستەمی بەرگری عێراق لەگەڵ سوپای عێراقدا پەیوەندیەکی دەستوریی و ئەمنی پتەوی هەیە و لەکارکردنی هاوبەش دا بەردەوام و هەماهەنگ دەبێت و دەڵێت، لەکۆتاییدا خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان لەدەستێکی ئەمین و ئاشتی خوازدایە.