نسكۆ یا كارەسات یا ئاشبەتاڵ یا ریفڕاندۆم لە قۆناغی نوێدا

توێژینەوە و شیکاریی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 78 جار خوێندراوه‌ته‌وه

د. كامەران مەنتك

26\9\2026

بەشی دووەم و کۆتایی ئەمە بەروونی بۆمان دەردەخات، ئەلقەیەك هەیە، هەردوو قۆناغی بەعس و دوای بەعس بەیەكەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش ئەو ئەلقە نادیارەیە، كە هەوڵدەدریت لەمێژووی كورددا بسڕێتەوەو دیزە بە دەرخۆنە بكرێت، ئەو ئەلقەیەیە، كەوا زلهیزەكان ئیدارەی دەدەن و بەگوێرەی بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەیسوڕینن، حكومەتیكی ساختەو ئۆپۆزسیۆنێكی ساختە دروست دەكەن و خۆیان ئیدارەی هەردوولای تەختەی شەترەنجەكە دەكەن! تاوەكو كورد لەو ئەلقەیە تینەگات و ناتوانێت لە كێشەكەی خۆی تێبگات و لە روانگەیەكی نویوە خویندنەوەی بۆ بكات، هیچ كاتیك ناتوانێت سەرەتایەك بۆ بزووتنەوەیەكی رزگاریخوازی راستەقینە دابنێت، كە ئامانجی پاراستنی كوردو بونیاتنانی ژیانێكی شایستەو مانەوە بێت بەر لەهەموو شتێك!.

ناتوانێت درك بەوە بكات، ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بەناوی بزووتنەوەی رزگاریخوازییەوە بەڕیوەچووە، مێژوویكی ساختەی پڕ لەقارەمانییەتی دۆنكیشۆتیانەی لێبەرهەمهینراوە، جگە لە پڕۆسەی جاشایەتییەكی هەریمی زیاتر نەبووە، ئەوانەی خەڵكیان لە پارچەیەك لە پارچەكانی كوردستان بە جاش پیناسەكردبێت، خۆیان لە پارچەكەی تردا، جاشێكی زۆر سووك و قێزەونتر بوون! بەم شێوەیە بەری قوربانی نەتەوەیەك بۆ ماوەی چەند ساڵی تر لە چوارچێوەی مێژووێكی سیزیڤیانەدا دەخولێتەوە، تا لە كۆتایدا وردە وردە دەتوێتەوەو لەناو دەچێت! لە ساڵی 1961تاوەكو ساڵی 1975، واتە بۆ ماوەی چواردەساڵ میللەتی كورد قڕكراو كوردستان لەژێر ناوی شۆڕشی ئەیلوولەوە سوتماك كرا، دواتر لە ماوەی چەند رۆژێكدا، سەركردەی نەتەوەیی و نیشتمانی و رێبەری ئەو شۆڕشە، بەرامبەر شای ئێران دەستەوەستان راوەستا، كاتێك پێی گوت:" كاری ئێوە تەواو بوو" وەك بەڕیز مەحمود عوسمان دەگێڕێتەوە، ورتەیەكی ناڕەزایەتی لەدەم نەهاتە دەرەوەو لەجیاتی ئەوە، خۆی بۆ شا چەماندەوەو گوتی قوربان :" ئێوە چی دەفەرموون وادەكەین!"

بەم وتە مێژووییە، هەزاران رۆلەی گیان لەسەر دەست چەك كرا، رەوانەی ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی ئێراق كراو خرایە تاراوگە، قارەمانەكانی شۆڕشەكەش، هەندێكیان داوای پەناهەندەییان لە ئەمریكا كردو هەندێكی تریان خۆیان پاسەپۆرتی ئەوروپایان هەبوو، بە كۆشێ دۆلارەوە، گەڕانەوە وڵاتی راستەقینەی خۆیان، بەشێكی تریان لە ئێران مانەوە بۆ ئەوەی ئەركی تریان پێبسپێردرێت و قۆناغەكە تەواو بكەن. هەژارو خەڵكە دڵسۆزو وڵاتپەروەرەكەش، كرایە سووتماك و جەرگی سووتاو ماڵی وێران بوو، دوای ئەوەی پڕۆسەی راگواستنەوەی گوندەكان دەستیپێكردو دەستكەوتەكانی ئەو بززوتنەوە چەكدارییانەی، هەزاران كتێب بۆ پەسندان و گەورەكردنی نووسراوە، گەلێكی دۆڕاوو وڵاتێكی وێران بوو! فەرموو لەمێژووی هەموو جیهان، تاكە سەركردەیەك بدۆزەوە بەم شێوەیە لە كاتی تەنگانەدا پشتی لەگەلەكەی كردبێت و بەرامبەر ئەو هێزەی بازرگانیشی پێوەكردبێت، ئاوا دەستەوەستان بووبێت!، تەنیا لە پێناو مانەوەو ژیانی خۆیدا، ژیانی گەلیكی كردبێتە قوربانی! كاتێك رۆژی دوای ریراندۆمەكە، بارزانیم بینی، بەدەنگێكی زۆر هێمن و لەسەرەخۆ، بە پێچەوانەی چەند رۆژێك بەر لەو كاتە ، كە :" ئەوەندە حیسابی بۆ یەك كەس نەدەكرد!: داوای لە سەرۆك وەزیرانی ئیراق (حەیدەر عەبادی) دەكردو دەپاڕایەوە، كە دەرگای گفتوگۆ دانەخەن، رێك ئەو كۆتا رۆژی شۆڕشی ئەیلوولم هاتە یاد، كە تیایدا پێیان گوترا كاری ئێوە تەواو بوو! بۆیە ریفڕاندۆم هەموو ئەوەی بەدەست هاتبوو، لە چركەساتێكدا لە رێككەوتنێكی گوماناویدا بە ئاسانی تەسلیمی بەغدا كرایەوە، ئەوانەی بەر لە رۆژی ریفڕاندۆم خەڵكیان هاندەداو پەنجەیان رادەوەشاندو هەڕەشەیان دەكرد، بوێری ئەوەیان نەبوو تەنانەت ئەنجامی ریفڕاندۆمەكەش رابگەیەنن، بۆیە لە پڕۆسەی ریفڕاندۆمدا گەل ئەركی خۆی بەوپەڕی بەرپرسیارییەتییەوە بینی، چووە سەر سندووقەكانی دەنگدان ز زۆرینەی دەنگی بە بەڵێدا، بەڵام سەركردەكان ترسنۆك دەرچوون لە ئاست بەرپرسیارییەتی مێژوویی خۆیاندا نەبوون.

سەرباری ئەوەی هەموو خەڵكی كوردستان ئامادەبوو خوێنی لە پێناو سەربەخۆیدا بگێڕێت، ئەوانەی شانیان بادەداو سنگیان دەردەپەڕاند، نەیانتوانی بۆ كاتژمێرێكیش بەرگری لە خاكی كوردستان بكەن، لەو چركەساتە چارەنووس ئامێزەدا لەجیاتی بەرگری ئەوان خەریكی راكردن و تەسفییەكردنی ناوەخۆبوون. بۆیە راستەقینە مێژووییەكان، ئەوە بەچاوی خۆمان بینیمان، نەك ئەوەی لە بیرەوەرییە پڕ درۆكانی سەركردەكان دەنووسرێتەوەو راستییەكان بەرەواژوو دەكەنەوە، ریفڕاندۆم ئەو خاڵە رەشە بوو، كە بووە سەرەتایەك بۆ ئاشبەتاڵێكی تر، كێشەی كوردی گەڕاندەوەدواوەو زەنگی بەكۆتا هاتنی دەسەڵاتی كوردی لێدرا، بەڵام لە جیاتی چەند رۆژێك ئەمجارەیان لەبەرئەوەی تەمەنی دەسەڵاتەكە درێژ تر بوو،چەند ساڵیكی خایاند، نەرمتر هەوڵی نەهێشتنی ئەو حكومەتە بەناو كوردیە درا، كە پێدەچێت هەنووكە ئێمە لە قۆناغەكانی كۆتایی دابین. چۆن ئەوەی پێی دەڵێن رێكەوننامەی جەزائیر، سەرەتایەك بوو بۆ تەسلیمكردنی بەناو شۆڕشێك، بە هەمان شێوە ریفڕاندۆمیش، كە دەرئەنجامی ئەو سەوداسەرییە، یاخود ئەو رێكەوتننامەیە بوو، كە لەكاتی رزگاركردنی شاری مووسڵ كرا، خوێنی پێشمەرگە بەرامبەر چەند سەد ملیۆن دۆلارێك گۆڕدرایەوە، دوای ئەوەی مووسڵ رزگار كرا، دەبوایە بەگوێرەی ئەو رێكەوتننامەیە، خاك تەسلیم بكەنەوە، هەر دووبنەماڵەش، زۆر زیرەكانە ئەو سیناریۆیەیان ئیدارەداو وەكو خۆیان دەڵێن، نیوەی زیاتر خاكی كوردستانیان تەسلیم بە ئێراق كردەوە. ئێستا ئێمە لە رنینەوەی بەرهەمی ریفڕاندۆمداین و قۆچانە رەشەكە كاڵ بۆتەوە، كە لەراستیدا قۆچانەكە وەهمی بوو و هیچ شتێكی لەسەر نەنووسرابوو، جگە لەوانەی كوردیان تووشی ئەو رۆژە رەشە كرد، كەسیتر پیتەكانی سەر ئەو قۆچانەی نەبینی، چونكە وەك ئاماژەی پیكرا، ریفڕاندۆم پڕۆسەیەكی تەواو نەكرابوو، ئەنجامەكەی بە فەرمی رانەگەیەنرا، ئەمە بووە هۆی ئەوەی ببێتە خاڵیكە وەرچەرخان بۆ سەرەتای شكستێكی گەورەتر، كە تا ئێستا بەردەوامە، مەسەلەی كورد لە هەموو بەشەكان گەڕانە دواوەوەیەكی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، تەنیا رۆژهەلاتی كوردستان نەبێت،لە بەشەكانی تر كەمتر زیانی پێكەوتووە، ئەویش لەبەرئەوەی نەكەوتنە داوی ئەمریكاو لە پەنای راپەڕینیكی ساختەوە، نەبوونە كەواسووری پێش سوپای سوڵتان، ئەگینا ئەوانیش دۆخیان لە باشوور باشتر نەدەبوو! ئەمە راستەقینەی ئەو مێژووەوەیە، كە هەموو ئەكادیمیستە نەخوێنەوارو سیاسەتمەدارە درۆزنەكان ناتوانن بیشارنەوە، ئەگەر دەیان لێژنەو كۆنفرانس و هەزاران كۆبوونەوەی تر لەژێر ناوی جیاجیادای بۆ ببەستن.هەزاران كتێب و بیرەوەری پڕ لە درۆو دەلەسە ناتوانن، تۆزقاڵیك لە رووی راستەقینەی ئەو قۆناغە بشارنەوە، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە، تاكی كورد وردترو ئاوەزەمەندانە تر حۆی بخوێنێتەوەو سەرەتایەكی تر دەست پێبكات!