پزیشکیان هەموو شتێکی ئاشکراکرد. لەئێران کێ بڕیارە گرنگەکان دەردەکات؟

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3537 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، پلانی نوێی تاران بۆ کردنەوەی گەروی ستراتیژیی هورمز، بەهەماهەنگی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی ئێران دانراوەو ئەگەر ئەمریکا ڕازیبێت، جێبەجێکردنی بەبێ هیچ کێشەیەک دەکرێت.


پزیشکیان لەگفتوگۆیەک لەگەڵ تۆڕی "سی ‌بی ‌ئێس"ی ئەمریکی وتی، "لەگەڵ ڕێبەری شۆڕش هەماهەنگی کراوە؛ ئەگەر ئەمریکا به‌پلانەکە ڕازیبێت‌و پابەندییەکانی خۆی جێبەجێبکات، ئێمەش هەمان کاردەکەین‌و هیچ کێشەیەک لەمبارەیەوە نابێت".

سەرۆکی ئێران ئاشکراشیکرد، تیمێکی شه‌ش کەسی پێکهێنراوە کە نوێنەرانی دامەزراوەو لایەنە جۆراوجۆرەکان، لەوانە سوپا، پەرلەمان‌و حکومەت، تێیدان.

بەوتەی پزیشکیان، ئەم تیمە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتە پێشخراوەکان کۆدەبێتەوەو دەسەڵاتی بڕیاردانی هەیە.

لەهەمانکاتدا، سەرۆکی ئێران وتی، "موجتەبا خامنەیی تەندروستییه‌كى باشى هه‌یه‌و بەدواداچونی کاروبارەکان دەکات".

ئه‌وه‌شى وت، دوجار لەگەڵ خامنەیی کۆبوه‌تەوەو لەیەکێک لەو دیدارانەدا، بۆ حه‌وت کاتژمێر لەگەڵ یەکتر گفتوگۆیان کردوە.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى پێشتر بڵاوكرانه‌وه‌، موجتەبا خامنەیی لەسەرەتای هێرشەکانی 28ی شوبات لەلایەن ئیسرائیل‌و ئەمریکاوە برینداربوە.

ئەم هێرشانە بونە هۆی کوژرانی باوکی واته‌ عەلی خامنەیی، بەڵام نەبونی لەمەیدانی گشتیی، لەکاتێکدا ئێران لەیەکێک لەقورسترین قەیرانەکانی دوای شۆڕشی ئیسلامیی 1979دایە، هێشتا بوه‌تە بابەتی گفتوگۆو گومان.