شارپرێس ـ بەدواداچونی تایبەت:
لەکاتێکدا دۆسیەی ئاوەدانکردنەوەی قەزای شنگالو دابینکردنی مافە داراییو نیشتمانییەکانی جەنگاوەرە ڕەسەنەکانی ئەو دەڤەرە هێشتا وەک کێشەیەکی چارەسەرنەکراو ماوەتەوە، لایەنگرانو هاوڕێیانی فەرماندە مەیدانییەکان سەرلەنوێ پەردە لەسەر قوربانییانی ڕاستەقینەی جەنگی دژ بەچەکدارانی تێرۆریستیی داعش لادەدەنو داوای گێڕانەوەی مافە پێشێلکراوەکانیان دەکەن.
لەم چوارچێوەیەدا، شەپۆلێکی بەربڵاوی هاوسۆزی بۆ پاڵەوانو جەنگاوەری مەیدانیو فەرماندەی دیاری ئێزدییەکان (ئیسماعیل حەربە) سەریهەڵداوە کە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە وەک "سەربازی ونبوو و مەزڵومی مێژویی" ناودەبرێت؛ ئەو فەرماندەیەی لەڕوی میدیاییەوە بەتەواوی پشتگوێخراوە، سەرهڕای ئەوەی لەکاتی تاواى ئابی 2014و گەمارۆدانی توندی چیای شنگال لەسەرجەم لایەنەکانەوە، چیاکەی جێنەهێشتو لەزۆربەی هەرە زۆری نەبەردیو جەنگە قارەمانێتییەکاندا بەشداریی ڕاستەوخۆو پێشەنگی کردوە.
پەیامە سەرنجڕاکێشو هاواری هاوڕێیانی ئەم فەرماندە مەیدانییە، تیشکدەخاتەسەر دوو جەمسەری تەواو پێچەوانە لەهاوکێشەی ئێستای شنگالدا:
یهكهمیان: پاڵەوانانی سەر چیا وەک ئیسماعیل حەربە: هاوڕێیانی جەنگیی ناوبراو جەختدەکەنەوە، دەیان مرۆڤی ئازاو چاونەترس لەسەر چیای شنگال گیانی خۆیان فیداکرد بەبێئەوەی کەمترین مافی یاساییو دارایی خۆیان یان خێزانەکانیان بەدەستبهێنن.
ناوی ئیسماعیل حەربە وەک هێمایەک دەهێنرێتەوە کە پێشەنگی جەنگە قورسەکانی ناوچەی (بارا، بەهرافە، کابارە، قزلکەند، جەدالە، خرابی تەیراو مەفرەقی حەردان)ی دژ بەتیرۆریستانى داعشی کردوە کاتێک ئێزدییەکان گەمارۆدرابون، بەڵام لەدوای نەمانی داعش، نەکەوتە دوای پۆست، ئۆتۆمبێلو ئیمتیازاتی مادیو لەئێستادا فەرامۆشکراوە.
دوهمیان: هەڵاتوەکانی هۆتێلو ڤێلاکان: لەلایەکی دیکەوە، ئەم جوڵە میدیاییە هێرشێکی توند دەکاتەسەر ئەوکەسانەی کە لەکاتی گەمارۆدانی چیاکەو کارەساتی سەر ئێزدییەکان، بەرەکانی جەنگیان جێهێشتو بەرەو هۆتێلو ڤێلا مۆدێرنەکانی هەرێمی کوردستان ڕایانکرد، بەڵام لەئێستادا لەسەر حسابی خوێن، فرمێسکو مەزڵومیەتی خەڵکی ڕەسەنی شنگال، خاوەنی فەوج، موچەی زۆر، ئۆتۆمبێلی گرانبەها، پلەی باڵای سەربازییو بەرپرسیارێتییە گرنگەکانن لەناو دامەزراوەکاندا.
ئەم هاوارە میدیاییەو یەکخستنی زانیارییەکان، جارێکی دیكه کێشەی نادادپەروەریی لەدابەشکردنی ئیمتیازاتە سەربازییەکان لەشەڕی داعشدا دەهێنێتەوە بەرباس؛ دۆسیەی ئەو پاڵەوانە فەرماندە مەیدانییانە زیندوو دەکاتەوە کە ناویان لەنێو دڵی خەڵکەکەدا بەگەشاوەیی تاهەتایە دەمێنێتەوە، بەڵام لەجەدوەلی فەرمیی دەسەڵاتدارانو کەرتی داراییدا بەتەواوی پەراوێزخراون.
