عادل عەبدولمەهدی هاته‌ده‌نگ‌و ده‌ڵێت: گەڕانەوە لەهەڵە، زۆر باشترە لەبەردەوامبون‌و پێداگریی لەسەر جێبەجێکردنی کارێکی هەڵە

عیراق

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4388 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق، وەک یەکەمین کاردانەوەی قورس‌و فەرمیی لایەنە سیاسییەکانی عێراق دژ بەبڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسامانییەکانی ئێران لەژێر گوشاری سزاکانی ئەمریکادا، هاتەدەنگ‌و ده‌ڵێت، "ملکەچبونی حکومەت بۆ داواکارییەکانی واشنتۆن‌و داخستنی فڕۆکەخانە عێراقییەکان بەڕوی تاراندا، هەڵەیەکی گەورەو پاشەکشه‌یه‌ لەسەروەریی نیشتمانیی وڵات".


پەیامە کتوپڕو توندەکەی عادل عەبدولمەهدی یه‌كێك له‌سەرکردە باڵاكاى عێراق کە لەکاتێکی زۆر هەستیاردا بڵاویكرده‌وه‌، چەند تەوەرو هۆشدارییەكى مەترسیداری لەخۆگرتوەو ڕایگه‌یاندوه‌، "ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان بەغداو تاران لەفڕۆکەخانەکانی عێراق‌و هەرێمی کوردستان، بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە، بەواتای تەسلیمبون‌و دەستبەرداربونی تەواوە لەبڕیاری سەربەخۆیى‌و سەروەریی خاکی عێراق".

سەرۆک وەزیرانی پێشوترى عێراق هۆشداریدا کە ئەو بڕیارە زیانی گەورە بەئابوریی‌و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی عێراق دەگەیەنێت‌و داهاتوی وڵاتەکە دەخاتە مەترسییەوە؛ ناوبراو داوای لەحکومەتی ئێستاى عێراق کردوه‌ کە دەستبەجێ لەم هەنگاوە پاشەکشه‌ بکات‌و جەختیکردوه‌ته‌وه‌، "گەڕانەوە لەهەڵە، زۆر باشترە لەبەردەوامبون‌و پێداگریی لەسەر جێبەجێکردنی کارێکی هەڵە".

چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە، هاتنە دەنگی خێرای عادل عەبدولمەهدی وەک یەکەمین پەرچەکردار، سەرەتای دەستپێکردنی شەپۆلێکی قورسی فشاری ناوخۆیی‌و سیاسییە بۆسەر حکومەتەکەی عەلی زەیدیی لەلایەن بەرەی نزیک لەتاران (چوارچێوەی هەماهەنگی‌و گروپه‌ چه‌كداره‌كان)، مەترسیی گەورەی ئەمجۆرە پەیامانە لەوەدایە کە دەکرێت حکومەتی بەغدا بخاتە نێوان دوو بەرداشەوە؛ لەلایەکەوە ڕوبەڕوی سزای دارایی توندی واشنتۆن ببێتەوە ئەگەر پابەندی گەمارۆکان نەبێت، لەلایەکی دیکەشەوە ڕوبەڕوی تێکچونی سەقامگیریی سیاسیی‌و ئەمنی ببێتەوە لەناوخۆدا ئەگەر پەیامەکانی عەبدولمەهدی ببنە هۆی هاندانی شەقام‌و گروپە چەکدارەکان بۆ دژایەتیکردنی بڕیارەکەی فڕۆکەخانەکان.