زەیدی لەنەتەوەیەکگرتوەکان: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین لەئاشتیدا نابێت

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3218 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگوتارێکی گشتگیرو گرنگی نێودەوڵەتیدا لەبەردەم خولی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان لەشاری نیویۆرکی ئەمریکا ڕایگەیاند، سەقامگیریی ڕاستەقینە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نایەتەدی ئەگەر چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ دۆزی فەڵەستین نەدۆزرێتەوە، جەختیشیکردەوە، عێراقی نوێ بەفەرمی بەرەو حەسەرکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا هەنگاو دەنێت.


زەیدی لەسەکۆی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ئەم ئێوارەیە ڕایگەیاند، "کلیل‌و مەرجی سەرەکیی کۆتاییهێنان بەگرژیی‌و ململانێ خوێناوییەکانی ناوچەکە، تەنها بەدامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین‌و دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە دەبێت".

هاوكات هۆشداریدایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە بەردەوامبونی پشتگوێخستنی ئەم دۆزە، وادەکات ناوچەکە لەناو بازنەیەکی بەردەوامی ناسەقامگیریی‌و شەڕدا بمێنێتەوەو ڕێگر دەبێت لەوەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوی ئاشتی ببینن.

ئەم پەیامە جەختکەرەوەیەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ گرێدانی ئاشتیی ناوچەکە بەدۆزی فەڵەستینەوە لەکاتێکدایە، کە کێشەی چارەسەرنەکراوی کورد لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک یەکێک لەکێشەو دۆزە هەرە سەرەکی‌و بنچینەیییەکانی ناوچەکە هەژماردەکرێت کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بەئاسایشی چەندین دەوڵەتەوە هەیە، بەڵام زەیدیی لەتەواوی گوتارە نێودەوڵەتییەکەیدا هیچ ئاماژەیەکی بەکێشەی کورد نەکردو تەنها پرسی فەڵەستینی وەک مەرجی ئاشتی ناساند.

لەسەر ئاستی ناوخۆیی‌و ئەمنی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێکی توندی ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و لایەنەکان کردو ڕایگەیاند، "عێراق بەشێوازێکی یەکلاکەرەوە بەرەو كۆنترۆڵكردنى چەک لەدەستی دامەزراوە فەرمییەکاندا هەنگاو دەنێت‌و بڕیاری ستراتیژیی شەڕو ئاشتیش تەنها دەسەڵاتێکی دەستوریی ڕەهایەو تەنها لەدەستی دەوڵەت‌و سوپا ڕێکخراوەکەیدایە، نەک لەدەستی چەند لایەن‌و ناوەندێکی جیاوازی بڕیاردا".

زەیدیی تیشکیخستەسەر پێگەی دیپلۆماسیی بەغداو ڕایگەیاند، "گەلی عێراق لەڕوی مێژوییەوە بەهۆی ململانێ‌و جەنگە سەپێندراوەکانەوە باجێکی یەکجار قورسی لەئاسایش داوه‌، بەڵام لەئێستادا بەغدا سیاسەتێکی هاوسەنگی ئەرێنی پەیڕەو دەکات‌و سورە لەسەر گۆڕینی عێراق بۆ گۆڕەپانی بەیەکگەیشتن‌و پردێکی بەهێزی هاوکاریی‌و دیالۆگی بونیادنەر لەنێوان سەرجەم گەلان‌و دەوڵەتانی ناوچەکەدا، تاوەکو ژینگەیەکی ئارام مسۆگەر بکرێت کە پاڵپشتی لەوەبەرهێنانی نێودەوڵەتی‌و پاراستنی تەواوی سەروەریی نیشتمانیی عێراق بکات".