شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ هەینی بەتەواوی ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن حکومەتی کۆڵۆمبیاوە ئاڕاستەی کراونو بەتوندی سەرکۆنەی تۆمەتبارکردنی بەشێک لەهێزە چەکدارە فەرمییەکانی ئێرانی کرد؛ تاران هۆشداریدا کە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیدا، سەرجەم ڕێکارە پێویستەکان بەرامبەر بەو "ڕێبازە نادروستو دوژمنکارانەیەی" بۆگۆتا دەگرێتەبەر.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبەیاننامەیهكدا ڕایگهیاندوه، بەخشینەوەی ئەمجۆرە تۆمەتانە هاوکات لەگەڵ بڕیاری بڕینی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، ڕەفتارێکە تەواو پێچەوانەی بنەماکانی ڕێزگرتنی هاوبەشی نێوان دەوڵەتانە.
ههروهك هێرشێکی توندیکردوهتهسهر دەسەڵاتدارانی بۆگۆتاو ڕایگەیاندوه، "کۆڵۆمبیا کە خۆی لەژێر هەژمونو دەسەڵاتی کارتێكەرهکانی مادەی هۆشبەردایە، بەهیچ شێوازێک شیاونییە ئامۆژگاریی ئەوانی دیكه بکات لەسەر دۆسیەکانی دژایەتیکردنی تێرۆرو مادەی هۆشبەر".
تاران ئاشکرایکردوه، "هێزە ئەمنییەکانیان توانیویانە دەستبەسەر کاروانێکی گەورەی کۆکاینی کۆڵۆمبیدا بگرن لەناوجەرگەی شاری تارانو کەسایەتییە خاوەن دەسەڵاتەکانی ناو کۆڵۆمبیاش تۆمەتباركراوه بەوەی، تێوەگلاون لەئەنجامدانی تاوانی فرهسنورییەکانو ناردنی ژەهر بۆ دەرەوەى سنورەکانى خۆى".
ئەم وەڵامە توندەی تاران دوای ئەوەدێت کە حکومەتی کۆڵۆمبیا، دوێنێ پێنجشەممە، بڕینی فەرمیی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی خۆی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، بەو بیانوەی کە بڕیارەکە پەیوەستە بە"پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی نیوەی ڕۆژئاوای گۆی زەوی"؛ بڕیارەکەش بەپاشەکشێو لەڕێککەوتی 19ی ئەیلولەوە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوەو تەنها پەیوەندییە کونسوڵییەکانی نێوان بۆگۆتاو تارانی هێشتوەتەوە.
بوگۆتا ئێرانی تۆمەتبارکردبوو بەوەی، پەیوەندیی لەگەڵ "گروپە تێرۆریستییەکانی تێوەگلاو لەبازرگانیی مادەی هۆشبەرو هەڕەشەکردن لەئاسایشی وڵات" هەیە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی ڕونی بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم بانگەشانە پێشکەشنەکردبوو.
